دیمەن سۆهرابی چالاکی بواری مافی ژنان ههروهها دهڵێ: سەڵتەنەت تەڵەبەکان دیارە خاوەن هەمان فکری دەورانی شایەنشای ئێرانن نە شتک زیاتر و نە کەمتر. ژن جیا لە بوکەڵەیەکی سوراو سپیاو کراو کە وەک ئۆبژەیەکی جنسی چاوی لێدەکرێ نابینن. فکریان لە دەوری یەک دەوڵەت، یەک میلەت، یەک زمان دەخولێتەوە، بە چاوی کۆیخایەتی و دەرەبەگایەتی تماشای کۆمەڵانی خەڵک دەکەن. بە دڵنیایی کە دەسەڵاتیشیان ببێ هەر وەک پێشوو کەڵک لە سەرکوت و هەژار هێشتنەوەی نەتەوەکانی ناو ئێران وەردەگرن.
وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دیمەن سۆهرابی” چالاکی بواری مافی ژنان، لە بارەی دوو زیندانی سیاسی کورد پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی کە لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
قەندیل پرێس: ئایا ئێوە لە نزیکەوە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەناسن، تکایە لەسەر کار و خەباتی ئەم دوو بەڕێزە بۆ بەردەنگەکانمان بفەرمن؟
دیمەن سۆهرابی: من لە نزیکەوە پەخشان و وریشە ناناسم، بەڵکوو بە تێکۆشان و بەرخۆدان و پارادایمی فکریانەوە دەیانناسم. ئەوان بەو کار و خەباتەی تێیدا تێکۆشاون لە تاک بوونی خۆیان هاتوونەتە دەرێ و بوونەتە کەسایەتییەک کە بۆ کۆمەڵگا تێدەکۆشێ، ئازادی خۆی لە ئازادی کۆمەڵگادا دەبینێ و ژیانی خۆشی بۆ ئەو ئازادییە تەرخان دەکا. لە وەها کاتێکدا گرینگ ئەوەیە پارادایمی فکری ئەو کەسانە بخوێنیتەوە و کار و خەباتیان لێک بدەیتەوە جا دەیانناسیت و تەنانەت لێشیانەوە فێر دەبیت. بۆ ئەوەی ئێمە پەخشان و وریشە باش بناسین، پێموایە پێویستە هەندێ بابەت شرۆڤە بکەین و هەندێ چەمک سەر لە نوێ بۆ خۆمان لێک بدەینەوە و بە شرۆڤەی سیستمە دیکتاتۆڕەکانەوە لە بابەتەکان نەڕوانین، بۆ نمونە، کێ سیاسیە و چ ئەکتێک دەتکا بە کەسێکی سیاسی و ئایا سیاسی بوون کارێکی هەڵەیە کە دەبێ لە سەری سزا بدرێیت؟
ئەگەر لە پەنجەرەی کورد بوونەوە بروانینە دونیا، هەمووشێک سیاسیە و بە لە دایک بوونمان تێکەڵاویمان لەگەڵ سیاسەت دەست پێدەکا. بۆ هەندێکمان لەوانەیە لە یەکەم چرکەکانەوە پێش چوونە قوتابخانە بە هاتنە ژوورێی پاسەوانەکان بۆ پشکنینی ماڵ و دەسبەسەر کردنی باوک و دایکمان دەست پێدەکا. بۆ زۆربەشمان لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە هەر سیاسەت تێکەڵاومان دەبێ، بەوەی کە ئیزنمان پێنادرێ بە زمانی دایکی خۆمان بخوێنین. یان بە هۆی نەبوونی یاسای پشتگیری بۆ ژنان و منداڵان و هەروەتر باندۆری مەزهەب بەسەر کۆمەڵگا و یاسادا، هەندێ بنەماڵە ئیزن نادەن کچان دەرس بخوێنن. یان بە هۆی هەژاری سیستماتیک لە زۆر ناوچەی کوردستان منداڵان هەر ناتوانن بچنە قوتابخانە. بۆیە ئەمانە بە وردی باس دەکەم، تا بڵێم ئەوەی وەک کورد لە دایک دەبێ، بێ ئەوەی بیهەوێ هەموو ئەم زوڵمانەی بە سەردا دەسەپێ. هەر ئەو سیستم و دەسەڵاتەی وای کردووە تۆی کورد لە یەکەم چرکەوە لە ژێر زوڵمدا لە دایک بی، هەر ئەو مافی دەنگ هەڵبڕینیشت لە ژێر ناوی سیاسی بوون لێ قەدەغە دەکا.
لە کۆمەڵگایەکی وادا باس لە هەر مافێکی ڕەوا و تێکۆشان بۆی دەبێتە ئەکتێکی سیاسی کە سزای دەسبەسەر بوون و مەحکوم بە سێدارەی بەدواوەیە. دیارە لەم کەش و هەوایەدا زۆر کەس وا چاو ترسێن کراون کە سیاسی بوون بەلایانەوە جێی سزایە و بیر کردنەوە لە مافە ڕەواکانی خۆشیان پێ سەر ئێشە. دەنا لە ڕاستیدا ئەگەر لە ژیانێکی ئازاد و دێمۆکراتیکدا بژیت باس کردن لە زمانی دایکی و مافە بناغەییەکانی ژیان و هتد هیچیان نە سیاسین و نە جێێ سزا.
جا لە کۆمەڵگایەکی وەها دا بەڵێ پەخشان وەک تووێژەری کۆمەڵایەتی و وریشە وەک چالاکێکی مەدەنی، مرۆڤ گەلێکی سیاسی بوون و هەن.
ئەگەر زۆر قوڵی نەکەمەوە لە هەموو کۆمەڵگایەک توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکی مەدەنی کارەکەیان بەشێکە لە ئەرکێکی سیاسی و مەدەنی، چونکا توێژەری کۆمەڵایەتی ئەو کەمووکۆڕیانەی دەسەڵات ناتوانێ یان نایهەوێ چارەسەریان بکا دەیاندۆزێتەوە و لە مەیداندا خەبات بۆ ناسینیان دەکات، هەوڵ بۆ چارەسەریان دەدا و لە ئەگەری ئەوەی دەسەڵات خۆی پێکهێنەری ئەم کێشەگەلە بێ، ئەوا تێدەکۆشێ بۆ پشتگیری کردن لە تاک و کۆمەڵگا لە بەرانبەر دەسەڵاتدا، ئالتێرناتیڤ دەدۆزێتەوە و خەبات بۆ چارەسەری دەکا و هتد. یان چالاکی مەدەنی و سیاسیش هەروەترتێدەکۆشێ بۆ بە ئاگا هێنانەوەی تاک و کۆمەڵگایەک کە بۆ نمونە نازانێ چۆن بەرەوە ئاسمیلە بوون براوە و شوناسی لێسەندراوە، خەبات لە بەرانبەر سیستمێکی گەندەڵدا دەکا کە بە هیچ شێوەیەک هەوڵ بۆ چارەسەری نادا، ژنان لە ژێرناوی ناموس دا دەکوژێ و هەموو تاکی کۆمەڵگا لە ژێر هەرناوێک پێێ خۆش بێ لە سێدارەیان دەدا و هتد.
پەخشان و وریشە وەک توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکی مەدەنی و سیاسی هەموو ئەم کەمووکۆڕیانەیان دیتووە نەک تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەر جێیەک کە نەتەوەیەکی بن دەست بوونی هەیە، ئەوان بە بۆنەوەی کورد بوون، بە ئاگا هاتنەوەیان، هەوڵ دان بۆ گەڕانەوە بۆ ناخ و شوناسی خۆیان، هەوڵ بۆ ئاگاهی بەخشین بە کۆمەڵگا و خەبات لە پێناوی ژیانێکی ئازاد دا دەسبەسەر کراون، کە هەمووی ئەمانە لە ئەساسدا نابێ سیاسی بن بەڵام وەک کوردێک کە لە پرۆسەی شۆرش بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێمۆکراتیکدا تێدەکۆشێ، کردارەکەیان سیاسیە.
قەندیل پرێس: پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە یەک مانگداو لەدوو شوێنی جیاواز، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، دەسبەسەر بوونی ئەو دوو بەرێزە چۆن شرۆڤە دەکەن.
دیمەن سۆهرابی: لە ڕاستیدا دیار نییە پەخشان و وریشە چۆن دەسبەسەر بوون و ئەوەشی کە کۆماری ئیسلامی لە سەرچۆنیەتی دەسبەسەر بوونیان بڵاوی دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک جێی باوەڕ نییە. ئەوەی لێرەدا گرینگە مێژووی ژیان و جەوهەرەی خەبات و پاڕادایمی فکریەکە کە پەخشان و وریشە باوەڕیان پێیەتی و هەوڵیان داوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ئەم فکرە خەبات بکەن و لە پێناویشیدا دەسبەسەر بوون و سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە. لە سەرووی هەمووی ئەمانەوە خۆڕاگری ئێستای ئەوان لە ناو زینداندا و نووسینی نامە و ناردنی بۆ دەرەوە وەک سەیوانێک ژیانی ئەوانی کۆکردۆتەوە و زیاتر خستویەتی بەر دیدی شرۆڤە و بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئەوان بە چ ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە باوەڕیان بە تێکۆشانی خۆیان بۆ کۆمەڵگا بن دەستەکان و ژنانی چەوساوە بووە. داڕشتنەوەی ئەو ڕەنجانە وەک ژن، وەک کورد، وەک تاکێکی کۆمەڵگایەکی بن دەست لە ناو نامەکانیاندا و دووپات کردنەوەی ئەوەی کە ئەوان ڕێگەی خۆیان دەناسن و لە زیندانیشدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر بەرخۆدان دەکەن پەخشان و وریشەمان زیاتر پێدەناسێنێ و وا دەکا کە ئەوان بە شرۆڤەی خۆیانەوە بناسین و بخوێنینەوە نەک بە شرۆڤەی کۆماری ئیسلامیەوە کە وەک هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر هەوڵ بۆ خەوشدار کردنی کەسایەتی تێکۆشەران دەدا.
پەخشان و وریشە بوون بە هێمای خۆڕاگری و شۆڕشگێری لە ناو شۆرشی ژن ژیان ئازادیدا بۆ هەموو کۆمەڵگای کوردستان و ئێران. ئەوان بە ڕوونکردنەوە و بانگەوازیەکانیان لە ناو نامەکانییاندا هیوابەخش و ڕێگەنیشاندەر بوون بۆ بەندکراوان وچالاکوانان بە تایبەت چالاکانی بواری ژنان لە ئاستی ئێراندا.
قەندیل پرێس: دوای گیرانی ئەم دوو بەڕێزە، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا دەزگای دادی ڕژێم، سزای سێدارەیان بەسەر سەپاندن، ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەریەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تایبەتی لە ڕەهەندی نافەرمانی مەدەنی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر خۆی نیشاندەدات و زۆرێک لە چاودێران لەسەر ئەو باوڕەن کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو دوا ناگەڕێتەوە، بە ڕای بەڕێزتان ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەم دوو ژنە خەباتگێڕە چییە؟
دیمەن سۆهرابی: ڕەوشی ئێران لە پێش شۆرشی ژن ژیان ئازادی و دوای ئەو دوو ڕەوشی جیاوازن. ئێران لە پێشوو دا خۆی وەک دەسەڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا پێناسە دەکرد و دەیویست ئەو باوەڕەش لە کۆمەڵگادا بچێنێ کە خەریکە وڵاتەکەی لە دەست هێرشی دەرەکی دەپارێزێ. دوای مەرگی ژینا و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان وهەڵایسانی شۆرشی ژن ژیان ئازادی، دەسڵاتدارانی ئێران و تەنانەت ناوچەکەش و دونیا تەگەیشتن نارەزایەتیەک لە ئاستی هەرە بەربڵاو و زۆر لە ناو کۆمەڵگای ئێران بە دژی دەسەڵات هەیە. درووشمی ژن ژیان ئازادی کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و ڕێك بناغەکانی کۆماری ئیسلامی كردە ئامانج زۆر زوو پەرەی سەند و گەیشت بە گوێی هەرکەسێک کە تەنانەت تا ئەو کاتە نەیبیستبوو و نەیدەزانی لە چ فەلسەفەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە. بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگا لە دوای ئەو شۆڕشەوە هەرگیز ناگەڕێتەوە ڕەوتی پێشووی خۆی و ئەمەش دەسەڵاتدارنی ئێرانی هەم ترساند و هەم توورە کرد.
دیارە لەم ئاڵوگۆریانەی لەم دواییانەشدا لە ناوچەکە ڕویداوە، ئێرانی گەیاندۆتە قۆناغێک کە لە ڕەوشێکی یەکجار لاوازی فکری و سیاسی دایە. لە ئاستی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا چیدیکە وەرەقێکی بۆ کایە پێکردن نەماو، لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەسەڵاتی خۆی بۆ نمونە لە لوبنان و فەلەستین و سوریە لە دەست داوە، خەونی هەمیشەیی هیلالی شیعی کۆتایی پێهاتوە، هێزەکانی وەکوو حەشدی شەعبی، حیزبوڵا و حەماس کە ئەو وەکوو هێزی دواکەوتوی مەزهەبی بە دژی ژنان و بۆ بەلاڕێدابردنی بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ناوچەکە پشتیوانیان بوو وکەڵکی لێوەردەگرتن بە تەواوی لاواز بوون یان لە ناوچوون. لە ئێستاشدا کە تووشی گرانی، قەیرانی ئابووری و سیاسیەتی ناوخۆیی خۆیەتی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چاکسازی یان پاشەکشێ لە یاسا و ڕێسا دژە ژنەکانیان کە بناغەی کۆماری ئیسلامیە بەدی ناکرێ، چونکا بە هەر پاشەکشێ یان چاکسازییەک شتێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی بوونی نامێنێ. لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی تا سەر ئێسقان وەزاڵەهاتووە، شۆڕشێکی فکری فەلسەفی کە ڕێگەی ڕۆشنی خۆی گرتۆتە بەرو باندۆری خۆی داناوە لە سەر کۆمەڵگا و لە ڕێگەی بەرخۆدانی زیندان، مانگرتنی کرێکاران و مامۆستایان و پەرەستاران، تێکۆشانی دایکانی ئاشتی و بنەماڵە دادخوازەکان بەردەوامی خۆی مسۆگر کردووە.
دیارە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ترسیان لێنیشتووە و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئەبزارە پیاوسالارەکانی سەرکوت و چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو
کۆمەڵگا و خەباتکاراندا دەیانهەوێ دەنگی ڕێبەرانی شۆرشی ژن ژیان ئازادی کپ بکەن و تۆڵەی خۆیان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و تێکۆشەرانی ئەم بوارە فکریە، لە کۆمەڵگا، بە تایبەت لە ژنان و لە کوردستان بکەنەوە و وەک هەموو سیستمە دیکتاتۆرەکانیتر تا چرکەساتی کۆتایی هەر پێیانوابێ دەتوانن لە سەر پێ بمێننەوە و سزای سێدارە بە سەر شۆرشگێراندا بسەپێنن.
قەندیل پرێس: دوای سەپاندنی سزای دژە مرۆڤایەتی سێدارە بەسەر پەخشان و وریشە، شەپۆلێکی کەم وێنەی کاردانەوە دژ بەو سزایە بەڕێکەوت کە ئاکامەکەی بوو بە مانگرتنی گشتیی بازار لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤەی ئێوە لەبارەی کاردانەوەکان بە تایبەتی مانگرتنەکەی ڕۆژهەڵات چییە؟
دیمەن سۆهرابی: دیارە کە ئەو مانگرتنە لە لایەن زۆرینەی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە لە کۆبوونەوەیەک لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ک.ن.ک لە بلژیک بەڕێوە چوو بریاری لە سەر درا و کاری بۆ کرا. وەک خۆی نمونەیەکی هەرە سەرکەوتوو لە یەکگرتووی زۆرینەی ئەحزاب بوو کە بە وڵامدانەوەی لەلایەن کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەک مانگرتنێکی سەرکەوتوو شرۆڤەی بۆ دەکرێ و وەک بەرگێکی پیرۆزی دیکە لە مێژووی خەباتی کورد دا دەبێ چاوی لێبکەین کە سەرەڕای هەموو جیاوازیە فکریەکانی ئەو ئەحزابانە بەڵام لە سەر بابەتێکی وەک سزای سێدارە بە سەر دوو ژنە چالاکوانی سیاسی بەو ئاکامە گەیشتن کە لە سەر مێزی گفتوگۆ پێش ئیجرای حوکمەکان پێکەوە دابنیشن. پەیامی گرینگی هەم بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێ بوو هەم بۆ ئۆپۆزیسیۆنی غەیرە کوردی ئێرانیش، پەیامەکەشی یەکگرتووی ئەحزاب و کۆمەڵگای کوردی بوو کە ئەوان هەمیشە لێی دەترسن و هەوڵ بۆ تێکدانیشی دەدەن. ئەو هاوئاهەنگی و یەکگرتووییە دیسان چەشنێک لە پێشەنگایەتی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان نیشان دەدا، کە بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگا و گەلی کورد حازر نیین ڕۆڵەکانیان لە زیندان بە تەنیا جێبێڵن و بە هەموو چەشنێک پشتیوانیانن. جیا لەم پەیامە، هیوایەک بوو بۆپشتگیری و پتەوە بوونی خەباتی بزەتنەوەی ژنان لە ناو کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت کوردستان.
دیارە مانگرتنەکە پشتیوانی کەسانی سەربەخۆ، گروپ و کۆلێکتیڤە جیاوازەکان و هاودەنگی دەرەوەشی زۆر بە دوای خۆیدا هێنا، کە هەموویان جێێ سەرنج و شرۆڤەن.
بەڵام بە داخەوە دەکرا ئەم مانگرتنە هەر لە چوارچێوەی کوردستاندا نەمایەتەوە و ببوایە بە مانگرتنێکی سەرتاسەری و هەموو شارە کانی تری ئێرانیشی بگرتبایەتەوە، بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی چاوەڕوانی پشتگیری سەرتاسەری زۆر زیاتر هەیە و من ئەم چاوەڕوانیە بە ڕەوا دەبینم.
هەروەتر پێموایە ئەم یەکگرتوویە دەبوو زۆر زوتر ڕویبدابایە بەڵام من وەک لێکەوتە درەنگ خایەنەکانی شۆرشی ژن ژیان ئازادی لێێ دەروانم بە تایبەت لە دوای گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە زیاتر بۆ ئەحزاب روون بۆوە کە ڕەمزی سەرکەوتنیان لە یەکگرتن دایە.
🔹قەندیل پرێس: ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی بە تایبەت سەلتەنەت تەڵەبەکان، هاوڕا لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، پەخشان و وریشەیان تەجزیەتەڵەب پێناسە کردن و دەستیان کرد بە هێرش کردنە سەریان، بە ڕای بەڕێزتان هۆکار و ئامانجی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناوەنگەرای ئێران چییە؟
دیمەن سۆهرابی: بۆ ئەوەی بتوانم هەڵوێستی سەڵتەنەت تەڵەبەکان و کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا و ئەو هەڵوێستەیان بەرانبەر پەخشان و وریشە لێک بدەمەوە پێویستە شرۆڤەیەک لە ماهیەتی هەردووکیان بکەم و هەروەتر باسی هەڵوێستیان لە ناو شۆرشەکەدا.
سەڵتەنەت تەڵەبەکان دیارە خاوەن هەمان فکری دەورانی شایەنشای ئێرانن نە شتک زیاتر و نە کەمتر. ژن جیا لە بوکەڵەیەکی سوراو سپیاو کراو کە وەک ئۆبژەیەکی جنسی چاوی لێدەکرێ نابینن. فکریان لە دەوری یەک دەوڵەت، یەک میلەت، یەک زمان دەخولێتەوە، بە چاوی کۆیخایەتی و دەرەبەگایەتی تماشای کۆمەڵانی خەڵک دەکەن. بە دڵنیایی کە دەسەڵاتیشیان ببێ هەر وەک پێشوو کەڵک لە سەرکوت و هەژار هێشتنەوەی نەتەوەکانی ناو ئێران وەردەگرن.
لەم لاشەوە کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە بناغەکانی دەسەڵاتداری خۆی بە داڕشتنی یاسای دژە ژن و سەرکوتی بزوتنەوەی ژنان دانا، بە کەڵک وەرگرتن لە شەریعەتی ئیسلام تا بۆیان کرا لە دژی ژنان وەستانەوە و هەوڵی تەواوی خۆیاندا کە ژنان بخەنە کونجی ماڵێ و لە کەسایەتی خۆیان خاڵیان بکەنەوە. دیارە کە یەکێک لە بناغەکانی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی سڕینەوەی ژن یان بە کۆیلە کردنی ژن بوو.
سەڵتەنەت تەلەبەکان لە یەکەم ڕۆژەکانی شۆرشی ژن ژیان ئازادی هەموو هەوڵیان تێکدان و بەلاڕێدابردنی شۆرش بوو. بە هێنانە گۆڕی دروشمی (مرد، میهن،ابادی) کە بە تەواوی دژی فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بوو لە دوای سەنترالیزم، هەژمونی پیاوسالاری، دەسەڵاتی هیرارشی، یەک ئالا، یەک نەتەوە دا بوون کە هەوڵیاندا ببێ بە ئالتێرناتیفێکی دژ بە شۆڕش وهەر کەس وەک ئەوان تێنەفکرێ ئەوە تەجزیە تەلەب دەنوێنێ. جا لێرەدایە کە سەلتەنەت تەڵەبەکان و کۆماری ئیسلامی هاوتەریب لەگەڵ یەکتری هەنگاو هەڵدێنن.
دیارە بۆ کۆماری ئیسلامیش شۆرشی ژن ژیان ئازادی، لەراندنی چوارچێوەی دەسەڵات و فکریەتیان بوو کە بە هەمان فکریەتی دەوڵەت میلەتەوە ٤٦ سالە نەتەوە بن دەستەکانی ناو ئێران و ژنان سەرکوت دەکا و هەر هەوڵێکی شۆڕشگێڕانە بە ناوی تەجزیەتەلەبی سەرکوت دەکا.
لە وەها کەشێکدا بە دڵنیایی پەخشان و وریشە کە دو ژنی دژە دەسەڵاتی پیاو سالاری و دەسەڵاتی هیرارشی کە دەیانهەوێ هەموو نەتەوە بن دەستەکان لە قاڵبی یەک میلەت بدەن و یەک زمان و یەک ئاڵایان بە سەردا بسەپێنن، تەجزیە تەلەب و شایەنی سزان.
لە ئاکامدا نابێ لەبیرمان بچێت کە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا بە تایبەت سەڵتەنەت تەڵەبەکان و کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر کۆمەڵگا و تاکی کورددا خاوەن یەک فکر و یەک هەڵوێستن.
قەندیل پرێس