قەندیل پرێس – سلێمانی
کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی لە ئێراق چەندین موشەک و درۆنیان ئاراستەی بنکەکانی حزبە کوردیەکانی رۆژهەلاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەپێ زانیاریەکانی قەندیل پرێس تا ئیستا هیچ حالەتێکی گیان لەدەستدان نەبووە.
بەپێی زانیاریەکانی قەندیل پرێس ئێوارەی دوێنێ سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆردوومانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)-ی لە شاخی ئاسۆس کردووە، هەروەها چوار کامپ و بارەگای حزبە بەرهەڵستکارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیران.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی CPTـی ئەمریکی بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ لە کاتژمێر 7:30 خولەک بۆ 8:10 خولەکی ئێوارەی دوێنێ، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێکەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر چوار بارەگا و کامپی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
موشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بەر بارەگای حزبەکانی کۆمەڵە لە گوندی زڕگوێزەڵەی سەر بە ناحیەی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی کەوتوون و بە هۆی ئەم هێرشەوە کەسێک برینداربووە.
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی کامپی «زەوییە سپی»ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە کرابوو، بەر لە پێکانی ئامانجەکەی تەقێندرایەوە و خرایە خوارەوە.
ژمارەیەک موشەکیش کە ئاراستەی بارەگای پارتی ئازادی کوردستان «پاک» لە ناحیەی پردێ کرابوون، خرانە خوارەوە.
فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی خۆکوژیش کە ئاراستەی کامپی «بین المللی» حزبەکانی کۆمەڵە لە سورداش کرابوو، لە ئاسمانەوە خراوەتە خوارەوە و هیچ ئامانجێکی نەپێکاوە.
کامەران عوسمان ئاشکەراشی کرد؛ لە کاتژمێر 9:45 خۆلەکی ئێوارەی دوێنێ، موشەکێکی سوپای پاسدارانی ئێران بەر بارەگای فیرقەی (11)ـی فەرماندەیی دەڤەری (1)ـی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناحیەی دێگەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوت. و هێرشەکە هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتۆتەوە و تەنیا زیان بەر بارەگاکە کەوتووە.
هێرش جەلال جێگری بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ تەواوی تیم و بنکەکانی فریاگوزاری لە ئامادەباشیدان لە ئەگەری بوونی بریندار بەهۆی موشەک و بۆردوومانی ئێران، بەڵام تا ئیستا هیچ بریندارێک نەهاتووە بنکە تەندروستیەکانمان.
هاوکات بەپێی زانیاریەکانی قەندیل پرێس؛ دوێشەو بارەگای گروپە چە کدارەکانی ئێراق کە سەر بە ئێرانن لە ناوچەی “قائیم”ـی پارێزگای ئەنبار لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران.
قەندیل پرێس