عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە سەرەتای مانگی ئایار خۆهەوەڵوەشاندنەوەی راگەیاند، نامەیەکی بۆ کۆنفرانسی” 100 ساڵەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید و بزووتنەوەی ئازادی” نارد و تێیدا باسی رۆڵی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیدا دەکات.
ئۆجەلان لە سەرەتای نامەکەدا دەڵێت، سەرهەڵدانی شێخ سەعید، کە خەبات بوو بۆ مانەوە، زیاتر بوو لە سەرهەڵدانێکی ناوچەیی و کاریگەرییەکی قوڵی لە بیرەوەریی گەلی کورددا دروستکرد. سەرهەڵدانەکە خەباتی کورد بوو، دژی ئەو هزرە سەپێنەرەی لەو کاتەدا هەبوو.
دەشڵێت، شێخ سەعید، وەک رێبەرێک کە بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتیی قۆناغەکەی لە ئەستۆگرت، هەڵوێستێکی بەهێزی دژی ئەو سیاسەتە نواند، کە ئیرادەی کوردایەتی رەتدەکردەوە.
ئۆجەلان، سەرهەڵدانەکەی شێخ سەعید بە رەنگدانەوەی دڵسۆزیی کورد بۆ حەقیقەتی خۆی ناودەبات و دەڵێت، خەباتەکەی شێخ سەعید دژی سیاسەتی ناوەندگەرا و باوەڕبوو بە یەک ناسنامەی کۆماری تورکیا بوو، کە دەیویست گەلی کورد لە بوونی خۆی داببڕێت. هەربۆیە شێخ سەعید دەنگی کوردی تاوەکو پەتی سێدارە برد و بە دەوڵەتی گوت، “ئێمە داوای دادپەروەریی دەکەین و ئێوە لەسێدارەدانمان پێدەدەن.”
ئۆجەلان، لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی، “شێخ سەعید لەژێر فشاردا هیچ پاشەکشەیەکی نەکرد و ئومێدی خەبات و بەرخۆدانی بۆ نەوەکانی ئایندە بەجێهێشت.”
لەگەڵ ئەوەشدا ئۆجەلان دەڵێت، نابێت خەباتەکەی شێخ سەعید کە هەڵگری هەلومەرجەکانی سەردەمی خۆیەتی، ببەسترێتەوە بە خەباتی ئازادیخوازانەی ئەمڕۆ، بەڵکو پێویستە وانەی لێوەربگیرێت.
باس لەوەشدەکات، ئەگەر هێڵی شێخ سەعید لەگەڵ تێڕوانینى نەتەوەیی دیموکراتی ئەمڕۆدا یەکانگیربێت و لەیەکبدرێت، ئەو کاتە دەگاتە مانای راستەقینەی خۆی.
ئۆجەلان، لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی، کوردبوونی ئازاد بە دڵسۆزی بۆ بەها سیاسیی و ئەخلاقییەکان و کولتوور و مێژووی کورد دێتەدی و لەسەر ئەو بنەمایەش، پێویستە گەلی کورد وریا بێت و خاوەندارێتیی لەو میراتە بکات، کە رێبەرە مێژووییەکان بەجێیانهێشووە و ئۆجەلان بە “پیرۆز” ناویدەبات.
ئۆجەلان، لە کۆتایی نامەکەدا سڵاوی بۆ شێخ سەعید و هاوڕێکانی ناردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، رژدە لەسەر بەرزڕاگرتنی بەهاکانی خەبات، لەسەر رێگەی ئازادی و راستی.
قەندیل پرێس