ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیى پارتی یەکێتیی دیموکرات، پرۆژەى “بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر” یاخود فیدراڵى وەک چارەسەر بۆ سووریا دادەنێت و داوا لە دەسەڵاتدارانى نوێى دیمەشق دەکات پەیڕەوى لە پرۆژەکە بکەن.
ئاڵدار خەلیل، لە حەسەکە قسەى بۆ ئامادەبووانى گردبوونەوەیەکى جەماوەری کرد، کە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات رێکخرا بوو.
ئاڵدار خەلیل، رایگەیاند، دوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد و رووخانی رژێمی بەعس، قۆناغێکی نوێ لە سووریا دەستیپێکرد و دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت سووریا بۆ هەمووان بێت.
گوتیشى “هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزى گرووپێکی دیاریکراونین، بەڵکو هێزێکن بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆتە مۆدێلێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی دیموکراسی و برایەتی گەلان”.
ئاڵدار خەلیل جەختی لەوەکردەوە، پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا، گوتیشى “ئێمە هیچ نیازێکی جوداخوازانە و دوژمنکارانەمان نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی دیموکراسی سەرکەوتوو پێشکەش دەکەین”.
کە مەبەستى پرۆژەى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرە و بە گوتەى ئەو، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت ببێتە بنەمای نووسینی دەستوورێکی نوێ کە دیموکراسی بەدەستبهێنێت و گرەنتی یەکگرتوویی سووریا بکات.
لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی بەرپرسانی دیمەشقى کرد، ئاڵدار خەلیل گوتی “ئێمە ئەم پرۆژەیەتان پێشکەش دەکەین بەناوی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەگەر ئێوە بەدوای ئازادیی و دیموکراسی و یەکگرتوویی سووریادا دەگەڕێن، ئەوا پرۆژەى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر، یاخود فیدراڵى چارەسەرە”.
ئاڵدار خەلیل، تورکیاى تۆمەتبار کرد هەوڵدەدات خەونە عوسمانییەکانی زیندوو بکاتەوە و بە داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکان سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەڕاستی ئامانجی بەدیهێنانی ئاسایش بێت بۆ گەلی سووریا، دەبێت لە خاکی سووریا بکشێتەوە و گەلی سووریا بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان بۆ خۆیان بڕیار بدەن”.
قەندیل پرێس