لە فێستیڤاڵێکدا یاریگای شەهید باوەڕ ئاگر کە لە گرێسپی شەهیدبوو لە شاری کۆبانێ، بە مەبەستی بە دی هێنانی خەون و ئامانجی شەهید بەڕووی گەنجاندا کرایەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە، یاریگاكە لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەورەترین یاریگایە.
یاریگای شەهید باوەڕ ئاگر، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریا باوەڕ ئاگر (ئەحمەد ئاکیوز) لە شاری کۆبانێ وەک پرۆژەیەکی گەنجان دەستی پێ کرد.
باوەڕ ئاگر خەڵکی شاری ئامەدی باکووری کوردستانە، وەک هەزاران گەنجی کورد، بەرانبەر هێرشی چەتە و داگیرکەران بە ئامانجی پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش، ڕوویکردە ڕۆژئاوای کوردستان_ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەشداریی کرد لە کاروخەباتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریا و وەک بەڕێوەبەر ڕۆڵی گێڕا.
لە چوارچێوەی خەباتی گەنجاندا، بە پێشەنگایەتی باوەڕ ئاگر، لە ساڵی ٢٠١٩ لە شاری کۆبانێ پرۆژەی درووستکردنی یاریگایەکی تۆپی پێ دەستی پێ کرد.
لە ٩ـی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشی داگیرکارییان بۆ سەر گرێسپی دەست پێ کرد، باوەڕ ئاگر ڕوویکردە بەرەکانی بەرخۆدان دژی ئەم هێرشانە، لە ١٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە بەرخۆدانی شاری گرێسپییدا شەهیدبوو.
دوای شەهیدبوونی باوەڕ ئاگر، دەستەی گەنجان و وەرزشی کانتۆنی فورات کارەکانی پرۆژەکەیان درێژە پێ دا، هەرچەندە پلان وا بوو، یاریگاکە لە ساڵی ٢٠٢٤ بکرێتەوە، بەڵام سووپای داگیرکەری تورک، ژێرخانی هەرێمەکەی بۆردوومان کرد، جارێکیش ئەم پرۆژەیەی کردە ئامانج، بۆیە کارەکانی ئەم پرۆژەیە کەمێک دواکەوتن.
هەر بۆە تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕیی سووریا و یەکێتیی گەنجان بۆ یادکردنەوەی شەهید باوەڕ لە ساڵی ٢٠٢٠دا، فێستیڤاڵی کلتووری و هونەری و وەرزشیی شەهید باوەڕیان دەست پێ کرد.
دەستەی گەنجان و وەرزش پلانی دانا لە شەشەمین فێستێڤاڵدا، یاریگاکە تەواو بکات و بیخاتە خزمەتی گەنجانەوە.
یاریگاکە ناوی شەهید باوەڕ ئاگری لێ نرا و لە ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا کرایەوە.
سەبارەت بە یاریگاکە ئاڤاشین مستۆ هاوسەرۆکی دەستەی گەنجان و وەرزشی کانتۆنی فورات بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند، درێژیی یاریگاکە ١٠٧ مەترە و پانییەکەی ٧٠ مەترە، لە یاریگاکەدا ٥ هەزار کورسی دانراون، شوێنی تایبەت هەیە بۆ خولی پەروەردەی یاریەکانی بالە و بازدان و شەتڕەنج و تۆپی سەر مێز، یاریگاکە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان درووستکراوە و گەورەترین یاریگایە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئاڤاشین مستۆ وتیشی: شەهید باوەڕ هەمیشە خەونی ئەوە بووە، یاریگایەکی وەها بکرێتەوە بۆ خزمەتی گەنجان، بە کردنەوەی یاریگاکە، ئەم خەونە بەدی هات، کە بە تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە یادی شەهید باوەڕ کە یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی گەنجان زیندوو ڕادەگرین، هەزاران گەنجانیش لەسەر ڕێگەی شەهیدان هەنگاودەنێن.
قەندیل پرێس