گوتەبێژی یەپەگە دەڵێت، لە قۆناغى نوێى سووریادا، نابێت هیچ بڕیارێک بەبێ کورد بدرێت، دەشڵێت “ئامادەین بۆ هەموو رێککەوتنێک.
سیامەند عەلی، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل – یەپەگە، لە میانى بەشداریکردنى لە گەشتی هەواڵەکانی کەناڵ8 رایگەیاند، بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لە سووریا هێزێکى گەورە و کاریگەرە و نابێت هیچ بڕیارێک بەبێ کورد لە قۆناغی نوێی سووریادا بدرێت.
گوتیشى، نابێت هەوڵی گفتوگۆکانی جنێڤ و ئاستانە دووبارە بکرێنەوە و کورد لە ناوچەکە پشتگوێ بخرێت، ئامادەشن بۆ هەموو رێککەوتنێک.
سیامەند عەلى لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا رایگەیاند، پاراستنی گەلەکەیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەرکی سەرەکی ئەوانە، بۆ ئەوەی رێگە نەدەن رووداوێکی دیکەى وەکو رووداوەکانی پێشووتری شنگال رووبدات.
جەختى لەوەشکردەوە، سەرجەم هێزەکانیان لە حاڵەتى ئامادەباشیدان بۆ پاراستنى کوردانى ئەو ناوچانە، ئاوارەکانی شارۆچکەى شێهباشیان دەستبەجێ وەرگرتووە.
قەندیل پرێس