کۆشکی سپی بە توندی فشاری خستووەتەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا، تاوەکو ئەو سزایانەی ماونەتەوە لەسەر سووریا هەڵیان بوەشێنێتەوە، کە بەگوێرەی یاسای قەیسەر بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی بە توندترین سزا دادەنرێت و ئیسرائیلیش ترسی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە هەیە و بە مەترسی بۆسەر کەمینەکانی سووریا ناوی دەبات.
توندترین بەشی سزاکانی سەر سووریا
پێگەی “ئەلمۆنیتەر”بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، زۆربەی سزاکانی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین بەشى سزاکان، کە سووریایان لە ئابووری جیهانی دابڕیوە، ئەوانەن، کە بەگوێرەی یاسای قەیسەر پەسەند کراون و پێویستیان بە ڕەزامەندیی کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.
یاسای قەیسەر
یاسای قەیسەر لە کۆتایی ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە دەرچوێندرا و دواتر دەسەڵاتی واژۆکردنی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درا بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم یاسایە زیاتر بۆ سزادانی ئەو لایەنانە بوو، کە مامەڵەیان لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکرد و هەروەها یاساکە گۆشەگیرییە سیاسیی، ئابووریی و داراییەکانی سەر بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریای توندتر کردبووەوە.
فشارەکان لەسەر کۆنگرێس چڕکراونەتەوە
ماڵپەڕەکە لەزاری بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێسەوە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بە تەواوی فشارەکانیان لەسەر کۆنگرێس چڕکردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان. سەرچاوەیەکی دیکەی کۆنگرێس بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، تۆماس باراک نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ یاسادانەرە باڵاکانی کۆمارییەکاندا ئەنجام داوە، تاوەکو هانیان بدات سزاکان هەڵبوەشێننەوە.
لایەنگرانی ئیسرائیل داوای مانەوەی سزاکان دەکەن
لە ڕاپۆرتەکەی پێگەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل لە واشنتن داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن و بە هەڕەشەیەکی ئەگەریی بۆسەر ئیسرائیل و کەمینەکانی وەک عەلەوی و درووزەکان دەیبینن.
سووریا نەبێتە پەناگەیەک بۆ ڕێکخراوە “تیرۆریستییەکان”
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، بەفەرمیی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریای هەڵگرت، هەڵگرتنی سزاکانیش بەو مەرجە بوو، سووریا نەبێتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ ڕێکخراوە “تیرۆریستییەکان” و ئاسایشی پێکهاتە و پەیڕەوکاری ئایینەکانیش پارێزراوبن. هەڵگرتنی ئەو سزایانەش ئاسانکاری لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا، وزە، ئاو و ئاوەڕۆ و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، بەشێوەیەکی کاریگەرتر دەکات.
جەنگی سووریا و سزاکان
لەماوەی جەنگی سووریادا کە 14 ساڵی خایاند، ئەمریکا کۆتوبەندی گشتگیری بەسەر مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا سەپاند، هەروەها سزای ئابووریی بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا دەسەپاند کە بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بکەن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بێت.
قەندیل پرێس