ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سایینقەڵا بەناوی لەیلا ئازەری، لە لایەن هاوژینی پێشوویەوە لە شاری بۆکان کوژرا. هۆکاری کوشتنی ناوبراو بە ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیریی دووبارە لەگەڵ بکوژەکەی ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی شەممە ۱۵ی سەرماوەز، ژنێکی تەمەن ۳۹ ساڵ بەناوی لەیلا ئازەری، خەڵکی گوندی ئاختەپەی سەر بە شاری سایینقەڵا و دانیشتووی شاری بۆکان لە لایەن هاوژینی پێشووی بە لێدانی چەندین زەربەی بەرد لە سەری کوژراوە.
تەرمی ئەو ژنە گەنجە لە گوندی ئەڵڵاسەیدەی بۆکان دیتراوەتەوە. لەیلا لە یەکەمین هاوسەرگیریی خۆی منداڵێکی کچی هەیە کە سەرپەرشتیاری منداڵەکەی بە خۆی بووە و بە مەبەستی بژێوی ژیانی لە چێشتخانەیەک لە شاری بۆکان کاری دەکرد.
بکوژ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار و تەنانەت بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە هەوڵی دابوو کە لەیلا ئازەری ڕازی بکات کە دیسان هاوسەرگیری لەگەڵ بکاتەوە و دوای ڕەتکردنەوەی دوایین داوای هاوسەرگیریی، بە چەندین زەربەی بەرد لەسەر سەری قوربانی ناوبراوی کوشتووە.
قەندیل پرێس