به‌په‌له

چەند موڵکێکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی شاسوار عەبدولواحید دەستیانبەسەرداگیرا

قەندیل پرێس – سلێمانی

وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە: کۆمپانیای نالیا و چاڤی نزیکەی 92 ملیار دینار قەرزارە و 60 موڵکی ئەو کۆمپانیایە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشین.

یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( 90/ دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / 2021/ ڕاستکردنەوە ) لە20-10-2021 تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەروەها ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( 2024/684) لە 22-9-2024 تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.

وەزارەتی دارایی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئاماژە بەبڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( 732/پ/2024) لە 29-11-2024، تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.

ڕوونیشی کردەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی، کە ژمارەیان 60 موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری. کە پێشتر دەستی بەسەر داگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( 91٫760٫66٫350 ) ملیار دینار.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( 2021) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان، بۆیە بەبڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.

وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاندووە، لەسەر داوای بانکی سلێمانی یەک، سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، هەروەها وەزارەت بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات، دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجێ بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

هێرشەکانی ڕێژیم هەنگاوی خەبات و بەردەوامیمان پێ شل ناکا

خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان! لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *