بافڵ تاڵەبانی دەبێتە میراتگری باوکی، خواستی وەرگرتنی پۆستی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ و سەرۆک کۆماری ئێراقی هەیە

قەندیل پرێس – راپۆرتی بەدواداچوون

لە چوارشەممە 27ـی تا 30 ئابی 2025، کۆنفرانسی هاوپەیمانی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی بەڕێوەچوو و بڕیارە رۆژی یەکشەممەش کوتایی کۆنفرانسەکە بێت و ئەمرۆ 30 ئابی 2025، بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنفرانسەکە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە هەڵبژێردرا. پێشتر سەرۆکی هاوپەیمانیەتییەکە لەی حیزبێکی میسری بووە بەناوی حیزبی ‘اجتماعی میسری’.

کۆنفرانسەکە، لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز میوانداری کرا، کۆمەڵێک میوان لەسەر ئاستی باڵا، زیاتر لە 30 حیزب و رێکخراو، نزیکەی 70 بەرپرسی باڵا لەسەر ئاستی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی بەشدار بوون کە سەرۆک و نوێنەرانی بەشێک لە حیزبەکانی باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشداریان کرد، لە ماوەی سێ رۆژی کۆنفرانسەکەدا، نزیکەی 55 پانێلی جیاواز بەڕێوەچوون و یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە تەرخانکرا بە پرسی ژنان.

‎دارا خەیلانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە قەندیل پرێسی راگەیاند: ” هەڵبژاردنی سلێمانی وەک ناوەندی کۆنفرانسەکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ رۆلی کورد و یەکێتی نشتیمانی کوردستان لەنێو چەقی هاوکێشە سیاسیەکاندا، ناوەڕۆكی كۆنگرەكە بریتی بوو لە (پرسەكانی ئاشتی، ئاسایش، پرسە هەنووكەییەكانی جیهانیی عەرەبی)، تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی و سەركردە جیهانییەكان، لە جیهانیی عەرەبی و عیراق و كوردستانەوە بەشدارییان کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد: کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی، ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب و کورد و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە.

هەروەها ئامانجیشی ئەوەیە، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی پرۆگرام و حوکمڕانی دیموکراتی بکرێت و لەو رێگەیەوە کار بۆ دامەزراندنی بناغە و دیدگایەکی سیاسی نوێ و پلانی ستراتیجیی سۆسیال دیموکراسی لە جیهانی عەرەبیدا کرا.

سەرۆکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان پشتگیری لە غەزە کرد، رەخنەی لە سیاسەتی ئەوروپا گرت.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای ڕووداوەکانی لالەزار لە کۆنفرانسەکەدا دەرکەوت و ڕایگەیاند، دەنگێک دەبن بۆ ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارەکەیدا راگەیاند: لە شاری سلێمانی بۆچوونەکان ئازادانە گوزارشتیان لێدەکرێت و هەمیشە دیالۆگ بەسەر بێدەنگیدا سەردەکەوێت. کۆمەڵگاکانی ئێمە بەهێزتر دەبێت کاتێک ئازاد بێت و هەمووان جێگەیان ببێتەوە و دادپەروەر بێت، دیموکراسی بە تەنیا بەدینایەت بەڵکو دەبێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و گەلان دروست بکەین.

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد: هێشتا چەندین وڵات و دەیان ملیۆن کەس بەدەست جەنگ و ململانێکان دەناڵێنن، جێی شەرمەزاری زۆرە لە ساڵی 2025 باسی ئەو ئالنگارییانە دەکەم.

سەرۆکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان پشتگیری لە غەزە کرد، رەخنەی لە سیاسەتی ئەوروپا گرت و راگەیاند؛ “ تادێت دەسەڵاتی تاکڕەوی و نایەکسانی و نادادپەروەری بنەماکانی دیموکراسی لاواز دەکات و ئازاری هاونیشتمانیان دەدات لە غەززە تا سووریا، لە یەمەنەوە تا گۆشەکانی دیکەی جیهان، ئەمانە خەم و داخی گرانن لەسەر دڵمان. وڵاتانی ڕۆژئاوا و یەکێتیی ئەوروپا چۆن ڕێگە بەخۆیان دەدەن و جورئەتی ئەوە دەکەن باسی وانەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ ئێمە بکەن کاتێک  ڕێگە دەدەن ئەو ستەم و تۆقاندنە لە غەززە بکرێت“.

هاوکات کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، وەک سەرۆکی هاوپەیمانیی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەب، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئەمە دەستکەوتێکی دیرۆکی یەکجار گرنگە بۆ گەلەکه‌مان و هەرێمەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش.

وتەبێژی یەکێتی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە، لە دوایین ڕۆژی کۆنفرانس، هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەکو سەرۆکی هاوپەیمانیی پارتە سۆسیال دیموکراتەکان لە جیهانی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا هەڵبژێردرا، ئەمەش دەستکەوتێکی دیرۆکی یەکجار گرنگە بۆ گەلەکامان و هەرێمەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش.

گەزنەیی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد؛ “هەڵبژاردنی سەرۆك بافڵ، بە سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دەرفەتێکی دیكەیە بۆ پارتە سۆشیاڵ دیموکراتەکان لەرۆژهەڵاتی ناوەراست، کە چۆن چەسپاندنی یاسا و بوونی دامەزراوەکان ببنە سەرچاوەیەک بۆ فرە رەنگی سیاسی، لەهەمانکاتدا پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوریی و بوژانەوەی ئابوری و بوونی میدیای ئازاد“.

بافڵ تاڵەبانی دەبێتە میراتگری باوکی، خواستی وەرگرتنی پۆستی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ و سەرۆک کۆماری ئێراقی هەیە.

بەپێ بەدواداچوونێکی قەندیل پرێس، دوای بوون بە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی دیەوێت ببێتە میراتگری مام جەلالی باوکی، سەرباری ئەوەی پێشتر بافڵ تاڵەبانی راگەیاندبوو: “بێ جگە لە سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، خواستی وەرگرتنی پۆستی حکومی و پۆستی دیکەی نیە’.
قەندیل پرێس زانیوویەتی؛ یەکێتی لە ئیستاوە کار بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێراق دەکات، لە کوتا سەرەدانیدا بۆ ئەمریکا بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باس لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێراقی کردووە، خواستی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە نەشاردوو تەوە.

بافڵ تاڵەبانی دوای ئەوه‌ی دوێنێ 30ـی ئابی 2025 وەک سەرۆکی هاوپەیمانی حزبە سۆسیال دیمۆکراتەکانی عەرەبی هەڵبژێردرا، خواستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵی هەیە، کە هەشت ساڵ لەمەوبەر مام جەلال بە سەرۆكی فەخری سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ هەڵبژێردرابوو.

لە ساڵی 2017دا بۆ ڕێزلێنان لە خەباتی نیو سەدە زیاتری مام جەلال، لە پێناوی دیموكراسی و ڕۆڵی كاریگەری لە كوردستان و عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە 25ـەمین كۆنگرەی سۆسیال ئینتەرناسیوناڵ، كە لە شاری كارتاگینای كۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو بڕیاریدا، مام جەلال ببێتە سەرۆكی فەخری ڕێكخراوەكە.
25ـەمین كۆنگرەی سۆسیال ئینتەرناسیوناڵ، ڕۆژی 2ـی ئادار بە بەشداری وەفدی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان‌ لە شاری كارتاگینای كۆڵۆمبیا دەستی بە كارەكانی كرد و لە ڕۆژی 3ـی ئادار، مام جەلال بووە سەرۆكی فەخری ڕێكخراوەكە.

ڕێكخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ لە ساڵی 1951 دامەزراوە و بارەگاكەی لە لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیایە. ڕێكخراوەكە 160 ئەندامی لە 100 وڵاتی جیهاندا هەیە.

ئێستا بافڵ تاڵەبانی لە چوار پۆستی مام جەلالی باوکی، دووانی وەرگرتووە، کە سەرۆکی یەکێتی و هاوپەیمانی سۆسیال دیمۆکراتەکانی عەرەبییە، و کار بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستی دیکە دەکات کە پۆستی سەرۆکی فەخری سۆسیال ئینتەرناسیۆناڵ و سەرۆک کۆماری ئێراقن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *