موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرادەکات و دەڵێت “سودانی وتی ئێستا ئێوە لە بەرەجەژناندا هاتوون بۆلای من، بەڵام من ناتوانم دڵنیایی بە ئێوە بدەم كە پێش جەژن ئەتوانم هیچ بڕیارێك وەربگرم، چونكە ئەم بڕیارە بەتەنها بەدەست من نییە، وەزارەتی دارایی لە ماوەكانی پێشتریشدا هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵنەگرتووە دەرباری خەرجكردنی ئەم پارانە چونكە بەنایاسایی زانیوە، دیوانی چاودێری دارایی بە نایاسایی زانیوە، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بە نایاسایی زانیوە، من تەحەمولی ئەو بەرپرسیارێتییەم كردووەو هەر پارەیەك بۆ ئێوە هاتووە لە پێشەوە نوسراوە لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆك وەزیران، من ئێستاش ئامادەم ئەوە بكەم، بەڵام لەسنور دەرچووە، چونكە هەرێم هیچ پابەند نابێت. هەرێم دەبێت داهاتی ناوخۆ رادەست بكات، جارێك هاتن 91 ملیار دیناریان رادەستكرد، دواتر كردیان بە 70 ملیار دینار، دواتر كردیان بە 60 ملیار، دواینجار كردیان بە 48 ملیار، ئەمە گاڵتەكردنە بە نیزام و قانون”.
وتیشی “سودانی وتی بەرلەوەی ئێمە بزانین، وەزارەتی دارایی (مەبەستی تەیف سامییە) نوسراوی ناردووە كە ناتوانین تەمویلتان بكەین، بەئەمانەتەوە پێتان بڵین وەزارەتی دارایی پێش ئەوەی من بیبینم ئەو نوسراوەی دەركردووە، لەسەر بنەمای دیوانی چاودێریی دارایی كە وتویەتی یاسایی نییە ئەم پارەیە بدرێت”.
موسەنا ئەمین دەشڵێت “سودانی وتی داواكارییەكانی ئێمە لە حكومەتی هەرێم تەعجیزی نین، ئێمە دەڵێین داهاتی نەوتیتان هەیە بەگوێرەی بڕیاری دادگاو بەپێی یاساو بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ئێوە دەبێت ئەم نەوتە رادەستی (سۆمۆ) بكەن. ئەتانوت تێچووی بەرهەمهێنانمان بە 6 دۆلار داناوە لە بودجەو بەشی كۆمپانیاكانی هەرێم ناكات، ئێمە ئەم یاسایەمان برد لە پەرلەمان و بەرگەی فشاری دنیامان گرت تا لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان تێیپەڕێنین بیكەین بە نزیكەی 16 دۆلار، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانتان قسەیان نەمێنێ و ئەم نەوتە تاڵان نەكەن و لەسنورەكانەوە بەقاچاخ نەیفرۆشن، بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی و رادەستی سۆمۆی بكەن، وتیان فڵان كۆمپانیای ئەمریكی تێدایە، وتمان ئەگەر لەژێر فشاردان پشكی ئەو كۆمپانیایە ئەمریكییە 30 هەزار بەرمیلە نابێت بە رێژەی 10%ی كۆی بەرهەمهێنان؛ ئەوە هەر پیرۆزتان بێت كێشەمان نییە، ئەوی تری بەپێی بڕیاری دادگا رادەستبكەن”.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا سودانی وتی من داوای 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆم كردووە كە خەمڵاندنی ئێمە زۆر لەوە زیاترە. ناكرێت داهاتەكانی خۆت بۆ خۆت بن و داوای موچە لە من بكەی.
بەوتەی موسەنا ئەمین سودانی وتی بڕیاری دادگا، حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بە تەوتینی موچەو دەڵێ هەر وەزارەت و پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییەك لە هەرێمەوە ئەتوانێ راستەوخۆ لیستی موچەكەی بهێنێت بۆ وەزارەتی دارایی لێرە تەوتین بكرێت ئێمە راستەوخۆ موچەكەی پێ بدەین، باشە ئێوە دەڵێن ئەم بابەتە لەیەكتر جیابكەنەوە؟! هەرێم ئامادەیە موچە تەوتین بكات هەتا ئێمە بتوانین راستەوخۆ موچە بدەین بە فەرمانبەر زەرەرمەند نەبێت لەم كێشەیە؟! هەرێم ئەوەش ناكات. لیستی موچەشیان هەڵەیەو ئێمە دڵنیاین بندیوارو كێشەی زۆری تێدایەو ئێمە دڵنیاین و راپۆرتی وردمان هەیە لەسەری”.
قەندیل پرێس