قەندیل پرێس – سویسڕا
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەمیانی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی 102ـیەمین ساڵیادی لۆزان بە نێردەی قەندیل پريسی ڕاگەیاند؛ دوای 102 ساڵ لە پەیمانی لۆزان ئیستا کورد لە هەموو کاتێک بەهێزتر، جیهان و وڵاتانی دەوڵەت نەتەوەی تورک و فارس و عەرەب لەوە تێگەیشتوون بێ بوونی کورد سەرکەوتوو نابن، نەیانتوانی کورد لەنێوببەن و لۆژیکی نەتەوەی سەردەست و ژێردەست کوتایی هات.
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی پێشکەوتنەکانی چوار پارچەی کوردستانی کرد، گوتی: “کورد لە باشور و رۆژئاوای کوردستان خاوەن حکومەتی خۆیانن، لە باکور هەموو جیهان چاویان لەسەر کوردە و لە رۆژهەلاتی کوردستان دوای شۆڕشی ژینا ئەمنی گۆڕانکاری گەورە روویفداوە هەموو گەلانی ئێران دەزانن کورد خاوەنی ئەو گۆڕانکاری و شۆڕشە بوو، بۆیە هاوسەنگییەکانی هەرێمەکە دەگۆڕێن، ئەم پێشکەوتنە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ یەکگرتن لەسەر هەموو کوردێک دەسەپێنێت”.
ئەمرۆ 26ـی تەمۆزی 2025 لە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان دژی کورد لە بەردەم ئەو بارەگایەی پەیمانەکە تێیدا بەسترا لە لۆزانی سویسڕا بە سەرپەرشتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و بە بەشداری دەیان پارت و رێکخراوی کوردی و بیانی، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجام دا بۆ پرۆتەستۆکردنی پەیمانەکە و لایەنەکان دووپاتیان کردەوە، لۆزان چیتر تێپەڕێنراوە و پەیمانێکی نوێ پێویستە.
رێکخەرانی گردبوونەوەکە رایانگەیاند؛ ئەم پەیمانەی بووە هۆی دابەشکردنی کوردستان، سەدەیەکە بەهۆیەوە گەلانی هەرێمەکە و بەتایبەت گەلی کورد مەحکومکراوە بە کۆمەڵکوژی و ئاسیمیلاسیۆن و نکۆڵی. ئەم پەیمانە لە شوێنی واژۆکردنی، بە ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی مەزن شەرمەزار کرا.
قەندیل پرێس