وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە دیمەشق کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، پاڵپشتی لە حکومەتی راگوزەری سووریا دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا دەستەبەر بکەن.
رۆژی شەممە، 5ی تەممووزی 2025، دەیڤد لامی و ئەحمەد شەرع بۆ قۆناخی راگوزەر لە دیمەشق کۆبوونەوە. نووسینگەی سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر بڵاویکردەوە، “گفتوگۆمان لەبارەی پەیوەندی هاوبەش، بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد”.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند، “هیوایەکی نوێ بۆ خەڵکی سووریا هەیە”. ئاماژەی بەوەش کرد، “بەریتانیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریا دروستدەکاتەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێمەیە پاڵپشتی لە حکومەتی نوێ بکەین بۆ ئەوەی بتوانن پابەندبن بە دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر، ئەمن و پێشکەوتوو بۆ هەموو سووریاییەکان”.
ساڵی 2011 ناڕەزایەتی سووریاییەکان دژی حکومەتی ئەسەد دەستیپێکرد و دواتر بووە شەڕی ناوخۆ. کانوونی یەکەمی 2024، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی کاتییان دروستکرد.
لە قۆناخی شەڕی ناوخۆی سووریادا، زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانە بەریتانیا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەدا پچڕاند و ژمارەیەک سزاشیان بەسەردا سەپاند.
لە ئایاری ئەم ساڵەوە، ئەمریکا دەستی بە هەڵگرتنی سزاکانی لەسەر سووریا کردووە و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش، لەوانە بەریتانیا، ویستی خۆیان بۆ هەمان مەبەست پشانداوە.
قەندیل پرێس