قەندیل پرێس – دهۆک ڕاپۆرتی مەیدانی
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر ئاڵۆزییە سیاسییەکانن، لەسەر زەوی و لە سنووری پارێزگای دهۆک، دەوڵەتی تورکیا بە ستراتیژییەتی “جادە و بارەگا” خەریکی گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکان و داگیرکارییەکی نوێیە. ئەم جووڵە نوێیانە لە کاتێکدایە کە سوپای تورکیا ماوەی چەندین ساڵە پانتاییەکی فراوانی خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و ئێستا خاوەنی زیاتر لە ٧٠ بارەگای سەربازی و خاڵی چاودێرییە، کە زۆرینەی هەرە زۆریان لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیر کراون.
پڕۆسە نوێیەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لە شێلادزێوە دەست پێ دەکات و بە درێژایی ناوچە شاخاوییەکان بەرەو ئاڤاشین جادەی سەربازی لێ دەدرێت، هاوکات لە میحوەرێکی تریشەوە لە قەزای ئامێدییەوە ڕێگای ستراتیژی بەرەو ناوچەی سیبێلێ کراوەتەوە. ئەم جوڵانە تەنها پڕۆژەی خزمەتگوزاری نین، بەڵکو وەک هاووڵاتیانی ناوچەکە دەڵێن، پلانێکی وردە بۆ گەمارۆدانی یەکجاری؛ چونکە ئێستا کارەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی لە دەوروبەری دێرەلووک تا بازنە سەربازییەکە بەتەواوی دابخرێت و گوندەکانی ئەو سنوورە بکەونە ناو جەرگەی ناوچەی قەدەغەکراو.
ماڵوێرانی و کۆچی زۆرەملێ
لە پاڵ ئەم گۆڕانکارییە سەربازییانەدا، لایەنی مرۆیی ناوچەکە لە دۆخێکی کارەساتباردایە. هاووڵاتییەکی ناوچەکە بە ناوی کارکەر نهێلی بۆ قەندیل پرێس ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان گە,ر,یلاکانی پە,کە,کە و جەندرمەی تورکیا، زیانی گەورە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک گەیشتووە. ئەو دەڵێت: “لە ڕابردوودا چەندین گوند بەهۆی ئەم شەڕەوە چۆڵ بوون و تا ئێستاش هاووڵاتیان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی باوباپیرانیان؛ خەڵکەکە ڕەز و باخەکانیان کە سەرچاوەی بژێوییان بووە لەدەست داوە و ئێستا لە ئاوارەییدا دەژین.”
شکۆی خاک لەژێر چاودێری سوپادا
یەکێکیتر لە دانیشتووانەکە بە خەمبارییەوە دەڵێت: “ئەم گەلی و شاخانە تەنها خاک نین، بەڵکو پارێزەری شکۆی ئێمەن. ئەگەر تورکیا ئەم ڕێگایانە تەواو بکات، مەسافەی گەیشتنی سوپا بۆ ناو جەرگەی شوێنە نیشتەجێبووەکان زۆر کورت دەبێتەوە.” ئەو هۆشداری دەدات کە مەترسی ئەم ڕێگایانە لە هی چیای کوڕەژار گەورەترن، چونکە ڕاستەوخۆ دەگەنە ناو دڵ و جەرگەی گوندەکان و داوا لە دەسەڵاتی کوردی دەکات بێتە سەر خەت بۆ ڕێگریکردن لەم کۆچپێکردنە زۆرەملێیەی خەڵکی ڕەسەن.
ئامانجە ستراتیژییەکان
لەم بارەیەوە، پەیبەر پەنابەر، مامۆستای مێژوو لە ناحیەی شێلادزێ، وردەکاری زیاتر دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت کە درێژی ڕێگاکە زیاتر لە ١٥ کیلۆمەترە و سێگۆشەی بەرواری باڵا، سنووری بارزان، گەلی باڵندە، ئامێدی و چیای گارە پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕێگایە ئێستا لە ژێر چاودێری نزیکەی ١٠ خاڵی سەربازی نوێ و چەندین بنکەی چاودێری تورکیادایە. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئامانجە سەرەکییەکان بریتین لە جێگیربوونی هەمیشەیی و دەستبەسەرداگرتنی سامانی ژێر زەوی چیای گارە، بەتایبەت نەوت و کانزا بەردینییەکان، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەری خاکی کوردستان.
قەندیل پرێس