وتووێژیی تایبهتی “قهندیل پرێس” لهگهڵ بهڕێز “نیگار عینایەتی” بهربژێری پارتی سوور بۆ پهرلهمانی نۆروێژ
قهندیل پرێس: تکایە خۆتان بە بەردەنگەکانمان بناسێنن؟
نیگار عینایەتی: من نیگار عینایەتی لە دایک بووی ١٩٨٧ لە شاری بۆکانم، دایکم سەقزیە و باوکم بۆکانیە. لە تەمەنی ٩ ساڵیەوە بە هۆی سیاسەتەکانی دژە نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر گەلی کورد و چالاکیە سیاسیەکانی باوکم لە بەرامبەر ئەم رژیمە داگیرکەرە، ئاوارە بووین و لە وڵاتی نۆروێژ وەکوو بنەماڵە گیرساینەوە. لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە تامەزرۆ و خولیای سیاسەت و چالاکی سیاسی لە مژاری دۆزی کورد بووم و هەروەها لە ژینگەی سیاسی نۆروێژیدا چالاک بووم. هەر لە تەمەنی گەنجیدا گەران و خولیای ئازادی و دادپەروەری و گەیشتین بە دیموکراسی و ژیانێکی ئازاد و بەرابەر لە من دا درووست ببوو.
بێگوومان باوکم لەم مژارەدا زۆر هاندەر و پیشتیوانم بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ بەرێز رەوانشاد ئەرلینگ فۆڵکڤۆرد پارلەمانتاری پێشووی پارتی سور و دۆستی دێرینەی کورد ئاشنا بووم و لە رێگای ئەوەوە بووم بە ئەندامی پارتی سوری نۆروێژ.
لە تەمەنی ٢٠ ساڵی لە خولی یەکەم لە سالێ ٢٠٠٧_٢٠١١ لە سەر لیستی پارتی سور بۆ یەکەم جار وەکوو ئەندام شارەوانی شاری ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ هەڵبژێردرام، کە بە گەنجترین ئەندامی شارەوانی ناوزەد کرام. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥_٢٠١٩ هەم دیسان وەکوو ئەندام شارەوانی لە لایەن گەلەوە متمانەم پێ بەخشرا.
لە بواری خوێندنی باڵا، ماستەرەم هەیە لە رشتەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و لیسانسم لە بواری کار و رفاحدا وەرگرتووە. هەروەها خویندنی باڵام هەیە لە بواری وەرگێری وێژەیی لە زانکۆی ئۆسلۆ.
ئێستاش وەکوو کارمەندی دەوڵەتی وەکوو پسپۆری کار و پیشە، ئیش دەکەم. و ئەندام شارەوانیم، لە کۆمیتەی فرەکولتوری لە کۆمۆنی ئولەرنساکەر، لە سەر لیستی پارتی سور لە هەڵبژارنی هەرێمی پێشودا متمانەم پێ بەخشراوە.
قهندیل پرێس: بەڕێزتان یەکێک لە بەربژێرەکانی پارتی سوورن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نۆروێژ، ئامانج و بەرنامەتان چییە؟
نیگار عینایەتی: بێ گوومان هەر کاندیدیک بۆ پارلەمان خاوەن پرۆژەیە و هەروەها خەبات و تێکۆشان دەکات بۆ بەدیهێنانی سیاسەتی پارتەکەی. بۆ خولی هەڵبژرادنی پارلەمانی نۆروێژ بە لەبەرچاوگرتنی مژاری پسپۆری خۆم، کە مژاری کار و رفاحی کۆمەڵایەتیە، سێ خاڵی سەرەکی لە پرۆژەکانی خۆمدا داناوە.
یەکەم، هەموار کرنەوە و دابینکردنی کاری دایم بۆ کرێکاران. نۆروێژ پێویستی بە هێزی کار هەیە و هەر بۆیەش دەبێ کارئاسانی لە بواری سیستمی پیشەیی و خوێندنیدا بکرێ بۆ پەروەردەکردنی خویندکاران لە بەشی پسپۆری جودادا. بەتایبەتی کارئاسانی بۆ دایکان بکرێ لە بواری پیشەیی و کاتی کارکردندا. هەرچەند نۆروێژ وڵاتێکی دیموکراتیک و پێشکەوتووە بەڵام هێشتا دیاردەی نایەکسانی حەقدەستی ژن و پیاو لە بواری کاردا مژاری سەرەکیە. هەروەها لە پرۆژەی حیزبەکەماندا هاتووە کە ئێمە لە هەمبەر بۆنگاکانی دیتنەوەی کارین، کە سودێکی زۆری ئابوری، بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەم رێگایەوە بەدەست دەهێنن.
دووەم، دابینکردن و سەقامگیری ئابوری بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا. قەیرانی ئابوری بەرۆکی بە دانیشتوانی ئەم وڵاتە گرتووە. هەڵئاوسانی ئابوری وبەرێوەبردنی سیاسەتی هەڵەی ئابوری، راستەوخۆ لە سەر باروودۆخی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا کاریگەری خراپی هەبووە. ئەوەش لە ئاکامی، قۆرخ کردنی بازرگانی، کرین و فرۆشتنی پیداویستی و شتوومەکی رۆژانەی ژیانی خەڵک لە لایەن گروپێکی بچوکی سەرمایەدارەکانەوە/خاوەنکارەکانەوە کە بە “ئولیگاپول” پێناسە دەکرێن بەدی هاتووە. هەر ئەوەش وای کردووە گروپێکی بچوکی سەرمایەدار ببنە خاوەن دەسەڵات و نفوزی زۆریان لە سەر کوالیتی ژیانی رۆژانەی خەڵک هەبێ.
پرۆژەی پارتەکەمان ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئەم گرووپە سەرمایەدارە کەم بکاتەوە و دەوڵەت خۆی سیاسەتی ئابوری و هاوردەکردنی پێداویستی ژیانی بۆ دانیشتوانی دابین بکات و خۆی بازار بەرێوەی ببات. هەروەها داوای کەم کردنەو” زەکات” بۆ ئەو کارفەرمایانە دەکەین کە داهاتیان لە بن ٨٠٠ هەزار کرۆنە لە ساڵێکدا. بۆ ئەوەی کارفەرماکان بتوانن ژیانێکی باشتریان هەبێ، بتوانن پێداویستی ژیانیان دابین بکەن.
خاڵی کۆتایی و سێێەم، هەموارکردنەوەی سیاسەتی ئاوێتەبوونە “ئینتەگراسیۆن”. پێویستە وەکوو دەوڵەتی نۆروێژ خاوەن بەرنامەیەکی ورد و باشتر بین بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانەی دێنە ئەم وڵاتە، باشتر بتوانن ئاوێتەی گۆمەڵگا ببن و خێراتر بەشداری پرۆسەکان و برگەکانی ژیان بە شێوازی چالاک و ئاکتیڤ بکەن.
قهندیل پرێس: وەکوو کوردێک ئەگەر لە هەڵبژاردن سەرکەون، چ خزمەتێک دەتوانن بە نەتەوەکەی خۆتان بکەن؟
نیگار عینایەتی: بێ گوومان هەبوونی هەر کوردێک لە هەر پۆست، مەقام و بەرپرسیارەتی دەوڵەتی، حیزبی و لۆبیگەری، دەتوانێ سوودبەخشبێ بۆ دۆزی نەتەوەکەی، جودا لە هەر بیرو باوەر و پێشینەی سیاسی و ئیدۆلۆژیکی.
بە خۆشیەوە ئێمە بە دەیان ئەندام پارلەمانی بە رەگەز کوردمان لە ئۆروپا لە پلە و پۆست و بەرپرسیارەتی جیاوازدا هەیە. ئەوە مایەی دڵخۆشی و دڵگەرمیە بۆ هەموومان. منیش وەکوو تاکێکی کورد، هەر چیەکەم لە دەست بێ بۆ ئەوەی ببمە دەنگی نەتەوەکەم درێغی ناکەم و بە ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆمی دەزانم، دەرفەتەکان لە بەرژەوەندی نەتەوەکەم بەکار بهێنم .
ئەوەی لەم هەلو مەرجەدا بۆ دۆز و پرسی کورد پیویستە، مژاری لۆبیە. ئێمە پیویستیمان بە دۆست و پیشتیوانی ناونەتەوەیی هەیە بۆ سەرخستنی خواستەکانمان وەکوو نەتەوە. هەروەها پێویستیمان بە دانپێدانانی ناودەوڵەتی هەیە. بێ گوومان بەرخۆدانی و خۆراگری کوردان لە بەرامبەر سیاسەتی داگیرکاری، ئینکار و قڕ کردن، وەکوو ئەرزی واقع خۆی داسەپاندووە. هەروەها وەکوو ئاکتەری سەرەکی لە ناوچەکەدا ئیستا رؤل دەبینێ. ئیتر بە بێ لەبەرچاوگرتنی کورد ناتوانن سیاسەتی ناوچەکە دابرێژنەوە، و دروست بوونی پەیمانی لۆزانێکی دیکە نامومکینە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبێ لە ئاستی ناودەوڵەتیدا ستاتۆی رۆژئاوای کوردستان دانێ پێدابندرێ و پێگەی فیدراڵی باشوری کوردستان لە ئاستی ناونەتەوەیی پشتەو بکرێ.
لە باکوری کوردستان دەبێ مافی کورد لە هەموو پێوەندیەکانی ناودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتی ترکیا مژاری سەرەکی بێ. هەروەها لە پێوەندیەکانی لەگەڵ ئیران تەنیا نابێ مژاری ئەتۆمئ لەبەرچاو بگیردرێ بەڵکوو دەبێ مژاری پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و سزای سێدارە بەتایبەتی لە سەر چالاکڤانانی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزار بکرێ. دەبێ لە ئاستی ناودەوڵەتیدا مافی نەتەوەکانی نێو ئێران و لەنێویاندا نەتەوەی کورد و خواستەکانی بە فەرمی بناسرێ.
پێویستە کار بکەین بۆ ناساندنی قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژی کوردان بە تایبەتی هەڵەبجە، شەنگال، سەردەشت و قارنێ و قەڵاتان وەکوو جێنۆساید، و لە لایەن دەوڵەتی نۆروێژەوە بە فەرمی دانی پێدا بندرێ.
هەموو ئەم مژارانە پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشان و ماندووبوونێکی زۆر هەیە. و پێویستە بە شێوازێکی گرووهی کاری بۆ بکەین و هەوڵ بدەین لێژنەی بۆ ساز بکەین.
ئەم خاڵانەی ئاماژەم پێدا لە پرۆژەی کاری مندایە و چ لە نێو پارلەمان بم یا نەبم، دەبێ بە یارمەتی کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتە کاری بۆ بکەین و سەری بخەین.
قهندیل پرێس: داواکاریتان لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ لەم هەڵبژاردنەدا چییە؟
نیگار عینایەتی: ئێمەی تاراڤگەنشین و دوور لە وڵات و نیشتیمای خۆمان، هەڵگری بەرپرسیارەتین بەرامبەر بە نەتەوەکەمان.
هەر تاکێکمان دەبێ وەکوو دیپلۆماتێک هەڵگری بەرپرسیارەتی بێ، و تێبکۆشین لە بورای خۆماندا دۆزی گەل، نیشتمان و نەتەوەکەمان بە دەرەوە بناسێنین. بەتایبەتی ئەرکە لە سەرمان لەو وڵاتانەی لێ دەژین ئاوێتەی سیستم ببین و لە دەرفەتان بە باشترین شێواز کەڵک وەربگرین. بەتایبەتی ئەم رۆڵە گرینگە لە سەر شانی ژنانی کوردە و دەبێ چالاکانە لە مەیدانی خەباتدا جێبگرین.
هەروەها لە دەرەوەی سیستمی سیاسی و دەوڵەتی، پێویستە تا دەتوانین دۆست بۆ کورد زیاد بکەین و دەنگی ئازادیخوازی، بەرابەری و ئاشتیخوازی و دیموکراسی گەلەکەمان بە جیهان رابگەیەنین.
جودا لە بیرو باوەری سیاسی بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش تێبکۆشین، بەو شێوازە بە تایبەتی لە بواری دیپلۆماسیدا دەتوانین سودمەندتر بین و دەستکەوتی گەورە بەیەکەوە بۆ نەتەوەکەمان بەدەست بهێنین.
لە کۆتاییدا داواکارم، مافی دەنگدان بەکار بهێنن و بەو پارتە، یان کاندیدەی لە سەر لیستی پارتەکانی نۆروێژی خۆی کاندید کردووە، لە رێگای دەنگدانەوە پیشتیوانی بکرێن و متمانەمان پێ ببەخشن. ئەوەمان لەبیر نەچێ دەنگدان نهێنیە و بەهێچ شێوازێک پیویست ناکات کەس بزانێ دەنگت بە کێ و بە کام حیزب داوە.
لە نێو دەنگدەرە نۆروێژیەکان دوو شێواز دەنگدان هەیە، یەکیان ستراتیژی و یەکیان تاکتیکیە. ستراتیژی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ئەندامی حیزبەکانن و تێدەکۆشن بۆ ئەوەی دەنگی حیزبەکەیان زیاد بکات. لایەنی تاکتیکی ئەوەیە بۆ نمونە لایەنی راستگەرا، بۆ ئەوەی قورسایی سیاسی و بالانس دروست بکەن بە شێوازی تاکتیکی دەنگ بە حیزبێکی راستگەرای دیکە دەدەن بۆ ئەوەی ئەو حیزبە بچوکە مەسەلەن حیزبی مەسیحی، ئەو بەربەستی ٤ لە سەدی دەنگدانەکان تێپەرێت، و ئالیانسی سیاسی بۆ پێکهێنانی دەوڵەت دروست بکەن و لایەنی رەقیب لاواز بکەن، و بە پێچەوانەوە! نۆروێژیەکان زۆر جار بە تاکتیک دەنگ دەدەن لە لیستێکی دەرەوەی حیزبەکەی خۆیان کە پالپیشتی لێ دەکەن.
بە هیوام ئێمەی کوردیش لەو وڵاتانەی لێ نشتەجێین، شێوازی تاکتیکی لەبەر جاو بگرین و پاڵپیشتی لە کاندیدە کوردەکان بۆ چوونە نێو پارلەمانەوە بکەین.
بە سپاسەوە بۆ ئەم دەرفەتە و چاوپێکەوتنە.
قەندیل پرێس