بەرپرسێكی ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات ئاشكرای كرد كە پەیوەندی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق هەیە.
زاهیر ئەحمەد، بەرپرسێكی نوسینگەی پەیوەندییەكانی “مەسەدە” لە پەراوێزی دانیشتنێكی دیالۆگی ئەنجوومەنی سوریای دیموكرات لە شاری حەسەكە، رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق ئەنجامدراوە و ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: “هەموو كۆبوونەوەكان ئەرێنی و بەرهەمداربوون، ئێمەش گەشبینین كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەندێك ڕێككەوتن بكرێت”.
شەممەی ڕابردوو، عەلی رەحمۆن، جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایگەیاند، ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی لیژنە سەربازیی و ئابووری و ئەمنی و ئیداری.
ئەحمەد روونیشیكردەوە، “هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بۆ خاڵبەندی، بەتایبەتی كە قەیرانی سوریا خراپتر دەبێت ئەگەر چارەسەرێك بۆ ئەو هێزە سیاسیانە نەبێت، كە نیگەرانن لە حكومەتی ئێستا و هەروەها داهاتووی وڵات”.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كۆنفرانسە كە بڕیارە لە دیمەشق بەڕێوەبچێت ”سەركەوتوو نابێت ئەگەر هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لەخۆ نەگرێت”، هەروەها دەڵێت: “ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین كە بەشداربین نەك وەك تاك، بەڵكو دەبێت بەشداریكردنمان وەك هێزی بنەڕەتی بێت كە ناوچەكەیان پاراستووە و ئەزموونی سیاسی و ئیداری و سەربازییان هەیە”.
قەندیل پرێس