به‌په‌له

مەسعود عەبدولخالق: “ئەو شەڕەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، لە ڕووی ستراتیژییەوە مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و قازانجی تێدا نییە”

قەندیل پرێس دیدارێکی تایبەت لەگەڵ نووسەر و چاودێری سیاسی مەسعود عەبدولخالق ئەنجام دەدات

(قەندیل پرێس – تایبەت)

لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەزگای میدیایی قەندیل پرێس بۆ خوێندنەوەی وردی لێکەوتەکان، میوانداریی نووسەر و چاودێری سیاسی (مەسعود عەبدولخالق) دەکات. لەم دیدارەدا، ناوبراو هۆشداریی توند دەدات لە گۆڕانی هاوکێشەکان و پێی وایە هەرێمی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە.

قەندیل پرێس: مەترسییە ڕاستەقینەکان بۆ سەر قەوارەی هەرێم لەم شەڕە نوێیەدا لە کوێدا دەبینن؟

مەسعود عەبدولخالق: بە پێچەوانەی شەڕەکانی ڕابردوو کە کورد سوودمەند بوو، ئەم شەڕەی ئێستا لە ڕووی ستراتیژییەوە مەترسییەکی نەرێنییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئەگەر بەرەی نەتەوەیی عەرەبی لە عێراق و ناوچەکە سەرکەوتوو بن، هەوڵی گەڕانەوەی سیستمێکی هاوشێوەی “ئەنفالچییەکان” دەدەن. ئەمەش واتە هەڕەشە لەسەر فیدراڵیزم، دەستوور و ئەو تەوافوقە سیاسییەی کە هەرێمی لەسەر بەندە. تێکچوونی هاوسەنگییەکە بە ئاراستەی سەرکەوتنی میحوەرێک کە تورکیا و وڵاتانی کەنداو و نەتەوەییەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت، زیانێکی گەورە بە کورد دەگەیەنێت.

قەندیل پرێس: لەم قۆناغەدا پێویستە هەولێر چ جۆرە دیپلۆماسییەت و سیاسەتێک پەیڕەو بکات؟

مەسعود عەبدولخالق: پێگەی هەرێم وەک جاران بەهێز نییە و لە سەردەمی ترەمپدا کورد وەک جاران لە ناوەندی بڕیاردان و ناو دیوانی کۆشکی سپیدا نەماوە. ئێستا سەرکردایەتی کورد تەنها لە ڕێگەی پەیامنێرەکانەوە زانیاری وەردەگرێت. باشترین بژاردە بۆ هەولێر “بێلایەنییەکی ئەرێنییە”؛ واتە نابێت هەرێم ببێتە بەشێک لەم ململانێیە یان ببێتە پارسنگی هیچ لایەک. پێویستە ڕێگە نەدرێت خاکی هەرێم بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک بەکاربێت، چونکە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەو شێوەیە بایەخ بە کورد نادات.

قەندیل پرێس: یەکڕیزیی ناوخۆیی چەندە گرنگە بۆ تێنەپەڕاندنی هێڵە سوورەکان و پاراستنی سەقامگیری؟

مەسعود عەبدولخالق: ئێمە لەبەردەم دووڕیانێکی مێژوویی و هەستیارداین، یەکڕیزی لە هەموو کات زیاتر پێویستە. هەرچەندە میللەت لە دژی سەرکردایەتی سیاسی وەک جۆرێک لە ڕاپەڕین هەستایەوە و ئەوانی ناچار بە هەندێک جوڵە کرد، بەڵام ململانێی حزبی ناوخۆیی هێشتا بەربەستە. ئەگەر یەکهەڵوێست نەبین، مەترسی هەیە سەرۆکایەتی کۆمار و دەستوور و فیدراڵی لەدەست بدەین. میحوەرە ناوچەییەکە نیازی بەرامبەر کورد زۆر خراپە و ئەمەش یەکڕیزیی لایەنەکان دەکاتە زەرورەتێکی ژیانی.

قەندیل پرێس: لە ئەگەری دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ئێراندا، ئایا هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دەتوانن ناوچەکانیان بپارێزن؟

مەسعود عەبدولخالق: بەو وەسعەی ئێستا، پێم وانییە لە بۆشاییەکی ئاوادا بتوانن بە تەنها سەرکەوتوو بن. هەڵوێستیان تا ئێستا باش بووە کە خۆیان نەکردووەتە تەرەف. مەترسییە گەورەکە لێرەدا تورکیایە؛ تورکیا نایەڵێت کورد سوود لە هیچ گۆڕانکارییەک ببینێت و سوپای لەسەر سنوورەکان حازر کردووە. تەنانەت هەندێک حزب هاوکاری تورکیان بۆ ئەوەی بێتە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەبەرئەوە، باشترین ستراتیژ بۆ ڕۆژهەڵات ئەوەیە خۆیان نەکەنە تەرەف، چونکە بوونی تورکیا لە ساحەکەدا هەموو سوودێکی کورد پوچەڵ دەکاتەوە.

قەندیل پرێس: ڕووخان یان مانەوەی کۆماری ئیسلامی، چ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پێگەی کورد لە عێراقدا دروست دەکات؟

مەسعود عەبدولخالق: ئەگەرچی ڕەنگە ڕووخانی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان دڵخۆشکەر بێت، بەڵام لەسەر ئاستی ستراتیژی ناوچەیی، عێراق و هەرێم تووشی تەنگژەی خەتەر دەکات. گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەک دەڕۆن کە لە قازانجی کورد نین. ئێستا “ئەنجومەنی ئاشتی” کە لەگەڵ ترەمپ دروست کراوە، زۆربەی نەیارانی کوردی تێدایە و کورد خۆی تێدا نییە. ئەگەر تورکیا و سعوودیە و قەتەر و نەتەوەییەکانی عێراق زاڵ بن، دەستکەوتەکانی کورد لە عێراق (کە زۆر گرنگ و بێ وێنەن) دەکەونە مەترسییەوە و زۆر توند لێمان دەدرێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ شڕۆڤەکاری سیاسی “هیوا خۆشناو” لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانوتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ شڕۆڤەکاری سیاسی “هیوا خۆشناو” لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان

بۆ ئەوەی بزانیت لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان چی ڕوویداوە، تماشای زانیاریە تازەکان و شرۆڤە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *