مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەكڵهەڵوێستی کوردی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی کاتیی دیمەشق دەکرێت، ئاماژەی بەوەشدا لە کۆبوونەوەی پاریسدا گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی گرنگ دەکرێت.
لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی هاوار، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، باسی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشق لەسەر پرسی کورد، کۆبوونەوەی پاریس و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات.
لە کاتێکی ئاوا سەختدا پرسی یەکڕیزی کوردیش ڕۆژەڤێکی گرنگە، وەک دەزانرێت لە قامیشلۆ کۆنفرانسێک بەسترا، ئێستا دۆخەکە چۆنە، داهاتوو چۆنە، ئایا گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەر سەبارەت بە داهاتووی سووریا کراوە؟
مەزڵووم عەبدی: “سوپاس بۆ ئەم پرسیارەتان. بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. هەندێک کەس دەڵێن کە ساردبوونەوەیەک هەبووە، بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە جێبەجێ نەکراون. حەز دەکەم ئەم بابەتە بە ڕوونی باس بکەم. کۆنفرانسەکە ئیرادەی گەلی کورد بوو، هەموو لایەنە کوردستانییەکان ئامادەبوون. ئەو ئیرادەیەی لە کۆنفرانسەکە دەرکەوت پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، ئەمە بابەتی مشتومڕ نییە. هەموو لایەن و کەسایەتییە کوردییەکان لەسەر ئەنجامێک کۆک بوون، کە بۆ ڕای گشتیی بڵاوکرایەوە، بێگومان ئەو ئەنجامەی له کۆنفرانسەکەدا دەرکەوت، بەپێی ئەوە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئێستا لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە لەگەڵ دیمەشق کۆبوونەوە بەڕێوەدەچن، نەک بەدیلی ئەوەبێت. لە ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداردا مادەی تایبەت بە پرسی کورد هەیە. دیدێکی جیاواز و فراوانتری کۆنفرانسەکە هەیە. کاتێک کاتی هات، لە چوارچێوەی ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکەدا لەسەر ناو پارتە سیاسییە کوردییەکان، لەسەر ناوی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەکرێت.
بۆ هێندە دواکەوت؟ ئەگەر ڕاستییتان دەوێت هێشتا کۆبوونەوەکان بە باشی دەستیان پێنەکردووە. ڕاستە چەندین کۆبوونەوە کراوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی. پلانەکە بریتی بوو لەوەی کە دەستبەجێ گفتوگۆ بکرێت لەسەر پرسەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وەک شەڕ و ئاگربەست و هەندێک بابەتی کرداری. جگە لەوەش بڕیار بوو ئەو شاندەی کە لە کۆنفرانسەکە دیارییکرابوو بچن و باسی پرسی کورد بکەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە. تا ئێستا کۆبوونەوەی گشتیی نەکراوە، بە هیچ هۆکارێکی تر نییە.
پێم وایە دوای ئەو کۆبوونەوانەی کە لە پاریس ئەنجام دەدرێن، ئەم بابەتەش پلانی بۆ دادەنرێت و شاندی کوردیش دەتوانێت بچێت و گفتوگۆی لەسەر بکات. کاتێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنەکەم واژۆ کرد، بە ڕوونی پێم وت کە من نەهاتووم بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن بەناوی گەلی کوردەوە، بەڵکو هاتووین لەسەر پرسە گشتییەکانی پەیوەست بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکبکەوین، بەڵام دەبێت بڕگەیەک هەبێت کە پەیوەندی بەو پرسە هەبێت. لەوێ وتمان لە داهاتوودا کۆنفرانسێک ساز دەکرێت. تەنها شتێک کە دڵنیاییە ئەوەیە کە دوای ئەوەی لەسەر پرسە سەرەکییەکان ڕێککەوتین، شاندێک دەچێتە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کورد.”
ڕاگەیاندرا کە کۆبوونەوەی نێوان شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی ڕاگوزەر لە پاریس لە ٢٥ـی تەمووزدا بەڕێوەدەچێت بەڵام دواخرا. هۆکاری ئەوە چی بوو؟ هێشتا بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. چی تەوەرێک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، چاوەڕوانی چی لەم کۆبوونەوەیە دەکەیت؟
مەزڵووم عەبدی: “لەلایەن ئێمە و دەوڵەتانی گەرەنتیکراوەوە ئامادەکاری بۆ ئەم کۆبوونەوەیە کرابوو. بڕیار بوو کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا دواخرا. بە فەرمی لەلایەن حکومەتی فەرەنسا پێمان وترا کە کۆبوونەوەکە دواخراوە. پاشان ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: ئێمە ئامادە بووین و سەرمان سوڕما، لایەنی حکومەتی دیمەشق سەرقاڵی پرسی سوەیدایە، هەر بۆیە دەمانەوێت دوابخرێت.’ سووپاسی ئێمەی کرد کە ئامادەین، بەڵام لە هەمان کاتدا خەمگینی خۆی دەربڕی کە کۆبوونەوەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا. وتی، ‘ئێمە پێداگری دەکەین کە کۆبوونەوەکە بە زووترین کات ئەنجام بدرێت.’ هەروەها قسەمان لەگەڵ تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا کرد، کە هەروەها هەمان قسەی کرد، سوپاسی کردین، دڵگرانی خۆی نیشاندا و داوای لێبوردنیشی کرد.
دواتر هەندێک خەبات بەڕێوەبردرا، ئێستا ئامادەکاریی هەیە. پێمان ئەو بەروارەی دیارییکراوە پێمان ڕاگەیاندرا و نامەوێت بیڵێم. ئەگەر جارێکی تر کەس پاشەکشە نەکات ئەوا کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت. زۆر دوور نییە. ئێستا هەندێک بابەتیشمان دیارییکردووە بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بکەین و بگەینە ئەنجامێک. بۆ ئەوەش ئامادەکارییەکان بەردەوامە.”
ئەگەر بە سەرەقەڵەمیش بێت پێمان بڵێیت ئەو بابەتانە چین؟
مەزڵووم عەبدی: “باس لە پرسە ئیدارییەکانی پەیوەست بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک بابەتەکانی سنوورەکان، دەروازە سنوورییەکان، نەوت، ئەنتێگراسیۆنی قەسەدە دەکەین، هەروەها پرسەکانی چۆنییەتی بەشداریکردنمان لە حکومەتی دیمەشق و کۆمیتەی ئامادەکاری پەرلەمانی سووریا و کارەکانی ئامادەکردنی دەستوور و هەندێک بابەتی تری کردەیی تاوتوێ دەکرێن. پرسی پەروەردە و بە فەرمی کردنی بڕوانامەکان و هەندێک بابەتی دیکەی لەم جۆرە دەخەینە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکەوە.”
هێشتا گرژیی نێوان ئێوە و تورکیا هەیە، دۆخی ئێستا چۆنە، دانووستان هەیە یان نا؟
مەزڵووم عەبدی: “لە ئێستادا پرۆسەیەکی ئارامی هەیە، زیاتر لە چوار مانگە هیچ کوشتن و هێرشێک نەبووە، ئاگربەست هەیە. ئەمە شتێکی ئەرێنییە. چوار مانگ پێش ئێستا لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق پێکدادان هەبوو، فڕۆکەکانی تورکیا بەردەوام هێرشیان دەکرد، بەڵام ئێستا ماوەیەکە وەستاوە. ئەمەش دەرئەنجامی دانووستانێکە. بێگومان پرۆسەیەکی گشتییش لە نێوان تەڤگەری ئازادیی و تورکیاشدا هەیە. کاریگەرییەکەی بنەڕەتییە. هەندێک هۆکاری تریش هەیە. هەروەها هێزە نێودەوڵەتییەکان کاریان کردووە و دانووستانیان لە نێوان ئێمەدا کردووە. ئەم پەیوەندییانە بوونیان هەیە، هەندێک کەناڵ لە نێوانماندا کراونەتەوە. هیوادارین ئەم ئاگربەستە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بێت. دەمانەوێت ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت. هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەردەوامبوونی شەڕ و کێشەکان لەگەڵ تورکیا. ئێمە ئامادەین کۆمەڵێک هەنگاوی تر کە متمانەمان پێدەبەخشێت بنێین. بێگومان ئەمەش ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە ئێستا داگیرکراون. بۆ ئەوەی گەلەکەمان بگەڕێتەوە عەفرین، سەرێکانی، دەبێت ئەوانەش چارەسەر بکرێن. ئەمانە بابەتی هاوبەشن. ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە چارەسەریان بکەین.”
لەم دواییانەدا هێرشەکانی داعش ڕوودەدەن. تێکۆشانی ئێوەش بەردەوامە. پەیوەست بەم بابەتەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیوەندییتان هەیە. ئەم پەیوەندییە ئێستا لە چی ئاستێکدایە، ئایا شتێکی نوێ هەیە لەسەر ئەم بابەتە؟
مەزڵووم عەبدی: “تێکۆشانمان لە دژی داعش بەردەوامە. لەم دواییانەدا هێزەکانی هاوپەیمانان شوێنی خۆیان گۆڕیوە، بەڵام خەباتەکانمان نەگۆڕاوە، هەندێک جار لەسەر ئاستی سووریا لە ئاستی هەواڵگری کار دەکەین.
شتە نوێیەکە ئەمەیە؛ ئەمریکا پەیوەندی لەگەڵ دیمەشقدا دروستکردووە و ئێستا داوا لە دیمەشق دەکرێت بەشداری ئەم خەباتە بکات. هەوڵدەدەین لە نێوان ئێمە، ئەمریکا و حکومەتی ڕاگوزەردا کارێکی هاوبەش ئەنجام بدرێت. لەم بارەیەوە جددین، هیچ بەربەستێک نییە بۆ ئەوەی ئەزموونەکەمان لەگەڵ لایەنی بەرانبەردا هاوبەش بکەین. ساڵانێکە ئەم تێکۆشانە ئەنجام دەدەین.”
دانووستانەکانتان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانان زیاتر لەسەر بنەمای شەڕی داعشە. گۆڕانکاری هەیە لە لایەنی سیاسییدا لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا پەیوەندییەک درووست بکات؟
مەزڵووم عەبدی: “بەتایبەت دوای ١٠ ساڵ لە تێکۆشان دژی داعش، بناغەیەک بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی سووریا دانراوە.
هەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنسا لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق خۆی بابەتێکی سیاسییە. لەو باوەڕەداین لەم پڕۆسەیە بەدواوە لایەنی سیاسیش باشتر پێشدەکەوێت.”
قەندیل پرێس