ئەمڕۆ لە مەڕاسیمی ماڵئاوایی لە شەهیدی فەرماندە نوورەدین سۆفی، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، قەسەدە و هەموو دامەزراوە سەربازییەکانمان، دەبێت بەشێوەیەکی شایستە و بەهێز لەناو سوپای سووریادا جێگیرببن، ئەو دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییانەی کە شەهید نوورەدین سۆفی ڕۆڵی هەبوو لە دامەزراندنیاندا دەبنە بەشێک لە داهاتووی سووریایەکی نوێ.
ئێوارەی ئەمڕۆ مەڕاسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی شەهیدی فەرماندە نوورەدین سۆفی، لە یاریگای شەهیدانی ١٢ـی ئادار بەڕێوەچوو، لە مەڕاسیمەکەدا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک قەسەدە، مەزڵوم عەبدی وتارێکی پێشکەش کرد.
مەزڵوم عەبدی لەبارەی شەهید نوورەدین سۆفییەوە وتی: لە ساڵی ٢٠١٣ـوە بە پێشنیاری خۆی و بە داواکاری ئێمە، هاتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە خەباتی سیاسییەوە بگرە تا سەربازیی و دامەزراندنی سیستەم و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وەک پێشەنگێک ڕۆڵی هەبوو، لە هەموو قۆناغە سەخت و هەستیارەکاندا پێشەنگایەتی کرد، فەرماندەی بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین بوو، هەروەها هەموو ئۆپەراسیۆنە گەورەکان ئەو بەڕێوەی برد لە دژی گرووپە چەتەکانی داعش، لە ڕەقە و دێرەزوور و باغۆز، فەرماندەی هەموو ئەم جەنگانەبوو”
قەندیل پرێس