مێهری ڕهزایی، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ئەورووپا، دهڵێت: “من دەزانم پەژاک وەکو هێزێکی سیاسی و لەشکەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرنامەیەکی تۆکمەی داناوە ئامادەگی تەواوی تێدایە بۆ ڕێکخستنی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاریکردن لە جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام بێگومان خۆ پەژاک بە تەنها نایەوێ ئەو کارە بکا، دەیەوێ لەگەڵ هەموو پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەوە ئەو کارە بکەن. بەس من نازانم ئەو ئامادەگییە لەناو پژاک هەیە چەندە لەناو پارتەکانی تر هەیە ! من تەنیا ئەوە دەزانم ئەو پارتانەی تر کە لە باشوری کوردستان لە کەمپدان دەتوانن بیربکەنەوە و پلانسازی بکەن .. خۆ کەمپ ڕێگای پلانسازی و بیرکردنەوەیان لێناگرێت.”
قهندیل پرێس: یەکساڵ پێش ئێستا، لە ۷ی ئۆکتوبری ۲۰۲۳ بزوتنەوەی حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و چەخماخی شەڕێکی داگیرساند کە تا ئێستا بەردەوامەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەوهۆیەوە توشی شڵەژانێکی کەموێنە بووە. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ناوچەکە لە لێواری شەڕێکی بەرفراوان و گشتگیر دایە، بەڕێزتان هۆکاری ڕوودانی ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە لە ناوچەکە چۆن شرۆڤە دەکەن
مێهری ڕهزایی: من پێم وایە ئەو شەڕە، یان ئەو ڕەوشەی ئێستا بۆ سەردەمێکی پێشتر ئەگەڕێتەوە. ئەتوانم بڵێم ئەگەڕێتەوە بۆ دوای شۆڕشی ٥۷ی هەتاوی ئێران. من بۆ وا دەڵێم؟ بەو دەلیلەی کە دوای جەنگ جەهانی دووەم، فارس و تورک توانیان دوو دەوڵەتیان هەبێ و نەتەوەکانی تر بکەونە ژێردەستیان. یانی بڵێن کۆپی پەیستێکی دەوڵەت – نەتەوە کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی هەبوو هێنرایە ناوچەکەو ، دیارە وابڕیاربوو ئەمان پارێزەری بەرژەوەندیەکانی هەمیشەیی وڵاتانی ڕۆژاوایی بن.
دواتر دوای جەنگی جیهانی دووەم و هەڵگیرسانی جەنگی سارد لە نێوان بەرەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات ، بڕیاربوو تورکیا و ئێران بۆ پێشەنگیکردنی چەندین وڵاتی تر و پێکەوە وەک کەمەربەندێکی سەوز، لە ناوچەکەدا بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی خۆراوایی کار بکەن و لەدژی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی بە پێشەنگایەتی ئەودەمی یەکێتی سۆڤیەت بوەستنەوە و نەهێڵین هەژمونی کۆمۆنیزم ڕوو لەناوچەکە بکات. دواتر وەک چۆن بە دڵنیایی ئێوەش دەزانن، دوای شۆڕشی ٥۷ ی هەتاوی و ئەو شۆڕشەی کە سەرکەوت، یانی بڵێین مەلاکان تێیا سەرکەوتن، لەڕۆژی یەکەمەوە کە تا ئێستا دەبێتە ٤٦ ساڵ، هەموو هەفتەیەک ئەوان لەشوێنی گشتی و لە نوێژی هەینیدا مەرگ بۆ وڵاتانی خۆراوایی و بەرلە هەمووان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنێرن و بە ئاشکرایی ئەڵێن؛ ئێمە ئیسرائیل لە نەخشە و جۆگرافیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەسڕینەوە. ئەمەش بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان دەرچوونی ئاشکرایە لە یاسا ناودەوڵەتیەکان. ٤٦ ساڵە وڵاتانی خۆراوایی ئەم وشانە و ئەم دروشمە لە ئێران قبوڵ ئەکەن. بەڵام پێم وابێ سەرباری ئەوەی سەرەتا لەشکدابوون و نەیاندەزانی ئایا ئەوە تەنیا دروشمە یاخود ئارمانجی ڕاستەقینە، ئەوان خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە کردبوو بەڵام وڵاتانی خۆراوایی و بە تایبەت ئیسرائیل و ئەمریکا کەلەوە حاڵیبوون ئێران بۆ بەجێگەیاندنی ئەو دروشمە هەنگاوی کرداری ناوە و هەندێ پرۆکسی و ئۆرگانی هەواداری بۆ خۆی دروست کردووە، وەک حەماس، حزبۆڵا، حوسییەکان و حەشدی شەعبی، هەروەها بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ دەرەوەی خۆی، لە ۲۰ ساڵی ڕابردوو، من پێم وایە ئیسرائیل و ئەمریکا بەرنامەیان بۆ داناون. جا لە ۳ ساڵی ڕابردوودا دیارە ئەوان ئیدی گەشتنە ئەو بڕیارەی کە ئەو چواردانە “ح” یە لەبەین بەرن کە ئەوانیش حزبۆڵا، حەماس، حوسییەکان لەگەڵ حەشدی شەعبین ، بەڵام چەخماخەی ئەو شەڕەش سەرەتا لەلایەن حەماسەوە داگیرسا، کە ساڵی پار لە ۷ی ئۆکتۆبەردا، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل
هەڵەی ئێران چی بوو؟
هەڵەی ئێران ئەوە بوو پێ وا بوو ئیسرائیل ئەخاتە نێو شەڕێکی هەڵپروکاندن (ئیستنزاف) ی بەوەکالەت و دەمدرێژ، ئەویش توانای بەرگەگرتنی ئەو جۆرە جەنگەی نییە، چونکە مێژووی هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل وایە کە هەمیشە دەتوانێ شەڕێکی کورت و سەرکەوتووانە بکات، بەڵام کاتێ بکەوێتە نێو شەڕێکی درێژخایەنەوە ئیدی ئەو توانایەی نییە و شکست ئەهێنێ.
دوای ئەو پەیمانە ئیبراهیمیەی کە دۆناڵد ترامپ توانی لەڕێیەوە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بخاتە نێو ئەو دانوسانەوە، ئەمە ئێرانی ترساند کە ئەگەر وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەو پەیمانەیان بکردایەتوو و بەسەرکەوتوویی تەواو بوایا ئەو شکستی بە دیپلۆماسیەتی ئێرانی ئەگەیاند، کە هەموو وڵاتە ئیسلامییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەبوون و لەدژی ئێران هەڵوێستیان وەردەگرت، بۆ حەماسیش ئەوە بوو کە واتێدەفکری کە ئەگەر ئەو پەیمانە سەر بکەوێت ئیتر کێشەی فەلەستین ئەکەوێتە قوڵایی مێژووەوە .
لێرەدا هەم حەماس ئەو وزەیەی هەبوو ئەو شەڕە بکا، هەم لەلاکەی تریش ئێران هانی دەدا بۆ ئەوشەرە چونکە بەرژەوەندی خۆی تێا دەبینێ، لەو ئەگەرەشدا ئیدی ئەو پەیمانە شکست ئەخوا و تا ئێستەشی لەگەڵا بێت ئەو پەیماننامەیە وەستاوە، بەڕاستیش ئەتوانین بڵێین ئێران سەرکەوتوو بووە لە وەستاندنی ئەو پەیمانامەیە.
بەڵام ئاخۆ هەڵەکەی ئێران چیبوو؟
ئێران خاوەنی پرۆگرام و پلانسازی خۆی بوو، بەڵام وادیارە لە خوێندنەوەیدا بۆ توانا و پلانسازی و بەرنامەڕێزی ئیسرائیل و ئەمریکادا بەهەڵەدا چووبوون. وەک وتمان ئێران وەک شەقامێکی یەک ڕا ئەیڕوانیە بابەتەکە.
بۆچی ئەڵێم شەقامی یەکئاڕاستە؟ چونکو ئەو تەنیا خەیاڵی لەلای هەڵگیرساندنی شەڕێکی بە وەکالەتی دەمدرێژ بوو کە خودی ئێران نەکەوێتە ناو شەڕەکەوە، واتە ڕەوشی نە ئاشتی هەبێت و نە شەڕ دروست ببێت. بەڵام ئیسرائیل ئەوەی نەدەویست، بەڵکو دەیویست ئەو شەڕەکە بە گەورەیی دەسپێبکات و بەوەی دەسپێکرنەکەشی لەلایەن بەرابەرکەیەوە بوو کە حەماسە، دەرفەتی هێناو جەنگەکەی فراوان کرد. جا بۆیە ئێران لەوەدا بەهەڵەدا چووبوو کە ئەوە خودی ئیسرائیلە کە خوازیاری جەنگەکەیە
لە ۲/٤/۲۰۲٤ دا ئیسرائیل دەستیکرد بە ئامانجگرتنی سەردارانی ئێرانی و شاندی دپلۆماسی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا و چەندین کەسایەتی پلەباڵای لێکوشتن. لەو هێرشەدا محەمەد ڕەزا زاهد کوژرا، کە بەرپرسی سپای قودسی ئێران بوو لە سوریا و لوبنان، لەگەڵ جێگرەکەی و پێنج ئەفسەر و پلەداری تر کران بە ئامانج و کوژران.
ئیدی ئێران ناچاری وەڵامدانەوەبوو و ۱٥۰ ڕاکێتی نا بە خاکی ئیسرائیلەوە، کە تەنیا کچێکی عەرەب تیایدا بریندار بوو، وەڵامیکی سیمبولی بوو تەنیا بۆ بێدەنگکردنی هاوپەیمانەکانی خۆی. من پێموایە ئیسرائیل کە لەوە دڵنیابۆوە کە ئێران لەترسی شورشی ناوخۆیی و لاسەنگی پێگەی سیاسی ناتوانێت وەڵامی گەورە بداتەوە، ئیدی هێرشەکانی لەسەر بەرژەوەندیەکان و پێگەکانی سەربەئێران زیاتر کرد. من پێموابێ ئێران تەنانەت هەتا دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنیەش لەناوجەرگەی تاراندا هەر بێدەنگ بوو، کە ئەوەش متمانەبەخۆبوونی تەواوی لەلای ئیسرائیل دروست کرد بۆ ڕەنگڕێژکردنی ڕێگای جەنگ بۆناو خاکی لوبنان.
لێرەشدا دیسانەوە هەڵسەنگاندنی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی حیزبوڵا بۆ پیلانسازی ئیسرائیل هەڵە دەرچوو و لە تێڕوانینیشیاندا بۆ بەرگریکردنی حەماس بۆ ماوەی ساڵێک لە غەززە ، وایان دەزانی کە حیزبوڵا بە هەم ناوچەی بەرفراوانی لەدەستە، هەم ژمارە و پەروەردەی سەربازیان زیاترە و هەم چەکی بەهێزیان لەدەستایە، دەتوانن بە ئاسانی شکست بە لەشکرکێشی ئیسرائیل بهێنن. ئەوە لەکاتێکدا لە جەنگی ساڵی ۲۰۰٦ەوە کە لە دژی حزبۆڵا شەری هەیبوو، ئیسرائیل بەرنامەی دانابوو بۆ شەڕی ئەمڕۆی لەگەڵ حزبۆڵا،پێچەوانەی بەرەی شەڕ بەرامبەر بە حەماس کە ئیسرایل ئامادەکاریەکی بۆ نەکردبوو، ئیسرائیل هەموو ئامادەکاریەکی بۆ شەڕی حزبۆڵا کردبوو ، چونکە دەیزانی هێزێکی گەورەی سەربە ئێرانە.
ئەوەش لە هاککردنی پەیچرەکانی حەماسەوە دەستی پێکرد و توانی لە چەند خولەکێکدا سەروو ۲۸۰۰ نەفەر لە کەسایەتیە سەربازیە باڵاکانی حیزبوڵا بریندار بکا، کە ئەوە هەم زیانێکی گەورەیە بۆ هەر هێزیکی سەربازی و هەم هۆکاری تێکشکانی مۆراڵی تەواوی ئەو کیانەشە.
ئیسرائیل هەربەوەوە نەوەستا و دواتر هێرشی سایبەری کردە سەر ئامێری بێسیم و هۆکی-تۆکی حزبۆڵا و دیسان زیاتر لە ۲۰ سەرکردەی سەربازی لەناوبرد، کە دواجار بە کوشتنی حەسەن نەسرۆڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵاش کۆتایی نەهات بەڵکو ڕاستەوخۆ جێگرەوەکەی ئەویشی کوشت و لەناوبردنی سەرانی حیزبوڵا تەنانەت تا ئێستاش بەردەوامە.
بۆ پێمانوایە ئێران لەپاشەکشێ دایە؟
ڕاستە دوای ئەم هەموو هێرشە سەرکەوتووەی ئیسرائیل و کوشتنی چەندین سەرکردەی سەربازی ئێرانی لە سوریا و لۆبنان و دوای کوشتنی ئیسمائیل هەنییە لە دڵی تارانا، دوای بریندارکردنی ۲۸۰۰ ئەفسەری سەربازی حزبۆڵا، و دوای لەناوبردنی سەرتاپای سەرکردەکانی حیزبوڵا لە ئاستەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم، ئێران توانی لە هەفتەی پێشودا دیسا بە هاوێشتنی ۱۸۲ دانە ڕاکێتی باڵستی هێرش بکاتە سەر ئاسمانی ئیسرائیل، کە ئێمە بێگومان نازانین زیانەکانی چەن بووە، چونکە ئیسرائیل هیچ ڕاگەیاندنێکی نەداوە لەسەر ئەو زەرەر و زیانانە و بڵاوکردنەوەی لە هەموو میدیاکارانیش قەدەغەکرد، بەڵام تەنیا بەوەی کە وەک ئەوترێت لە چەند خولەکی پێشووتردا، شایەد لە چەند کاتژمێری پێشووتردا ئەمریکیەکانی ئاگادر کردبۆوە بۆ هێرشەکە، ئەوە بۆخۆی واتای شکست و لاوازی ئێرانە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا .
ئێران بۆچی ئەو پرۆکسیانەی دەسپێکرد؟ بۆچی لەڕۆژی ئەوەڵەوە هاتە سەرکار، دژی غەرب ئەو شەڕەی دەسپێکرد بەرنامەی غەرب بۆ ئێران و تورکیا ئەوە بوو کە کەمەربەندێکی سەوز بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە دوورمەوداکانی وڵاتانی خۆراوایی و لەدژی یەکێتی سۆڤیەد بەکاربهێنرێن. بەڵام لەو کاتەوە جەمهوری ئیسلامی هاتۆتە سەرکار ئەو کەمەربەندە سەوزەی کە قەرار بوو ببێ، بووە بە کەمەربەندێکی سوور و بەڕووی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی خۆراوایی و ئەریکادا تەقیەوە لەلایەک تورکیا توانی هێزی وەکوو د.ا.عش، ئەحرارۆلشام، جبەتۆلنۆسرە و چەندین هێزی تر دروست کات بە دژی وڵاتانی ڕۆژاوایی . ئێرانیش ئەو چواردانە (ح)ی دروست کرد و هەموو ئەم هێزانە لەدژی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی خۆراوایی بوون و ئەمە وای کردووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەوێتە ناو ئەو ڕەوشەی ئێستا کە تێیایەتی.
ئێران بۆچی وا لە زەعفدایە و ناتوانێ دیفاع لە پرۆکسییەکانی خۆی بکات؟
ئێمە ئەبێ بزانین ئێران ئەم هەموو هێزەی دروس کرد، گوایە بۆئەوەی ببن بە هێزێک لە دژی خۆراواییکان و بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو دروشمەی کە لە ٤٦ ساڵە دەیڵێنەوە و دەڵێن ئێمە ئیسرائیل لەناودەبەین، هیچیان وادەرنەچوون، بەڕای من هۆکارەکەی ڕۆشنە و ئەوەش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیە.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کۆماری ئیسلامی لەرزاند و وایکرد کە تا ئاستی ڕوخاندن بروات. دوای ٤٦ ساڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەمیشە لە نانەوەی فیتنەو و ناکۆکی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران قازانجی دەکرد و درێژەی بە تەمەنی خۆی دەدا و لەلایەکی تر تەنانەت لە دژایەتی نێوان ژن و پیاو سودی وەردەگرت و پیاوسالاری پێشدەخست، بەڵام شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی توانی سنوری نەتەوەکان بشکێنێ، توانی دژایەتی نەتەوە جیاوازەکان هەڵگەڕێتەوە بۆ یەکگرتنێکی فرە ئێتنیکی لە دژی کۆماری ئیسلامی و لەهەمووی گرنگتر، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی توانی یەکسانی ڕەگەزی و هماهەنگی نێوان ڕەگەزی ژن و پیاویش سەرلەنوێ بخوڵقێنێ و ئەو دوو ڕەگەزە ئیتر لەبری دژایەتیکردنی یەک، هاوکاری یەکتری بکەن. بەڕاستی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، حکومەتی کۆماری سێدارەی والێکرد کە بزانێ هەتا هێزەکانی ناوخۆی وەکو بەسیج، حزبۆلای ئیران و ئارتەش و سپای پاسداردنیش، کە چەندین ساڵە لەسەرحسابی کۆمەڵگا گیرفانیان پڕ ئەکەن ، ئێستە چیدی نە ئەتوانن و نە دەیانەوێت پارێزگاری لە کۆماری ئیسلامی بکەن.
جا کە ئەو لەدەورانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی دا نەیتوانی هێزەکانی خۆی کۆ بکاتەوە و هێزەکانی شەڕیان بۆ نەکرد، ئەمە وایکرد کۆماری ئیسلامی لەوە بترسێ شۆڕشێکی گەورە لە هەناوی خەڵکی ئێرانەوە سەرهەڵبدات و کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکجاری بڕۆخێنێت. ئێران کە ئەمەی بینی، ئیتر دەستی لەوە کێشاوەتەوە کە یارمەتی بێئەندازەی پرۆکسییەکانی دەرەوەی ئێران بدات و هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە ئەوان بێپاراستن بکەونە شەڕ و بەوڕەنگەی ئێستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بە شەڕێکی گەورە بڕوات.
قهندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان، بە پێی ڕووداوەکانی ئەم یەک ساڵە، داهاتووی ناوچەکە بەرەو کوێ دەروات و ڕێکاری ئاشتی و پێکەوە ژیان لە ناوچەکە بە چی دەزانن؟
مێهری ڕهزایی: من پێم وایە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر لە ئاستی جۆغرافیاشەوە ئاوەز نەبێ ئەوا لە ئاستی سیاسییەوە بێگومان ئاوەز دەبێت. بەو واتایەی کە لەسەرەتادا وتم ئەو کەمەربەندە سەوزەی کە بڕیاربوو بەرژەوەندی دوورمەودای وڵاتانی خۆراوایی بپارێزێ، ئێستا لە ڕێگای تورکیا و ئێرانەوە بووە بە کەمەربەندێکی سوور دژی ئیسرائیل و وڵاتانی خۆراوایی، بەر لەهەموویان ئەمریکا. ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی کە زلهێزە خۆراواییەکان پلانسازی بکەن بۆ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاستا. بە تایبەت لەو چەند کۆریدۆرە بازرگانیە جیهانیەی کە زۆربەیان بە خۆرهەڵاتی ناوڕاستا تێپەڕدەبن، دەرئەکەوێ کە ئەو دوو دانە زلهێزە هەرێمیەی ئێرە ( تورکیا و ئێران) نەکەوتوونەتە ناو ئەو کۆریدۆرە جیهانییەوە بۆ نموونە تورکیا کە نەیتوانی لە کۆریدۆرەکانی تردا جێی خۆی بکاتەوە و باجی هەڵەکانی ۱٥ ساڵی ڕابردووی خۆی دەدات. هەوڵدەدات خودی خۆی کۆریدۆرێک لە فاوە دروست بکا تا لە باشوری کوردستانەوە و بە پارێزگای موسڵ و بادیناندا بیگەیەنێت بە خاکی باکوری کوردستان واتە تورکیا . ئەوەش نیشانمان دەدا کە چەندە تورکیا لە ڕێڕەوی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی خۆراوایی دوورخستۆتەوە و دەیەوێ بەرنامەیەکی تر لەدژی ئەوان دابنێت.
ئێرانیش هەر بەوجۆرە نەتەنیا نەکەوتووتە ناو کۆریدۆرە بازرگانیەکان، بەڵکو نەفەسێک کە هەیبوو لە ناوچەی نەخجەوار واخەریکە کوێر دەبێتەوە و لە هەموو لاکانی تریشەوە هەست بەگەمارۆ دەکات، بۆیە من پێموایە کە ئەگەر گۆڕانکاری جوگرافی سیاسی نوێش دروست نەبێ لانی کەم گۆڕانکاری سیاسی گەورە دروست دەبێت. بەڵام گۆڕانکاریەکان چۆن دەبن و چەندە سودیان بۆ گەلی کورد دەبێت، من ئەوەیان نازانم.
بەبیریشمدا نایەت پێشبینی ئەوە بۆ هیچ کەسێ ئاسان بێت .
ئایا ڕێگەیەک بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان هەیە؟
بەڵێ، ئێمە دەزانین دوای شەڕی جیهانی یەکەم کۆپی دەوڵەت نەتەوەکانی خۆراوایی هێنرانە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کەتاچەند دەگونجێت . بەتایبەتی کۆمەڵگا و چەندین گەلی جۆراوجۆر بە فۆرمێکی تر پێکەوە ژیانیان دەکرد و کێشە و ململانێکان زیاتر لەسەر ئاستی بچوک و هەرێمی ڕوویان دەدا و چارەسەرەکەشیان هەر لەسەر ئاستی جیاوازدا بەڕێوە دەچوون. بەڵام لەوکاتەی دەوڵەت نەتەوە دروست کراوە و بووە بە چەترێک کە ئەو گەلانەی خستۆتە ژر باری یەک ئاڵا، یەک دین یەک زمانەوە و لەهەمووشی گرنگتر نەتەوەی سەردەستی بەرهەمهێناوە، دەرکەوتووە کە ئەمە بۆ سروشتی پێکهاتەکانی ناوچەکە دەستنایات. دەوڵەتیش لە دژایەتی ئەوان سودمەندی یەکەم بووە و تەمەنی خۆی تا ئەم ڕادەیە بە قێزەونترین سزاکانی سێدارە و کۆمەڵکوژی و جینۆساید درێژکردۆتەوە و بەدوای حوکمڕانیی خۆیەوە بووە ، ئەوەش بۆ سود و قازانجی چینێکی دیاریکراو. بۆیە من پێموایە کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست هەم توڕەن و هەم ماندووبوون لەو ڕەوشە.
ئەو دەوڵەتانەی کە تورکیا و ئێرانیان وەکوو کەمەربەندی سەوز چاو لێدە کرد، ئێستا پشتڕاست بوونەتەوە لەوەی کە وادەرنەچووە و هەموو ڕێگاکانیشیان تاقی کردەوە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەکەی. چارەسەر نەبووە. تەنها ڕێگایەک کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقی نەکراوەتەوە ڕیگەچارەی بەڕێز ئۆ.جا.لانە، کە ئەویش ڕێگاچارەی پێکەوەژیانی شکۆمەندانەی گەلان و ڕێگاچارەی یەکترقبوڵکردنە له ناوچەکەدا بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە پێک بێت، پێویستە تەواوی گەلانی ناوچەکە بە گەلانی سەردەوستە و ژێردەستە پێکەو خۆیان لەژێر چەتری یەک ئاڵایی و چەتری دەوڵەت-نەتەوە بهێننە دەرەوە و خودی خۆیان ببنەوە بە پارسەنگ و باڵانسی هێز بەرامبەر بە چینی سەردەستەی دەوڵەتی دروست بکەن.
قهندیل پرێس: ئەم بارودۆخەی ئێستا، چ دەرفەت و مەترسیی گەلێک بۆ نەتەوەی کورد لە ناوچەکە دەخۆلقێنێت؟
مێهری ڕهزایی: یانی من پێم وانییە زەرەرێک بۆ کورد هەبێ. چونکە ئەو دەوڵەت-نەتەوانە یان بە دیاریکراوی بڵێین سوریا، ئێراق، تورکیا و ئێران لە لێواری ڕوخاندان. چون داگیرکەرانی کوردستان ئەم شەڕە یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لەڕاستیدا لە دژی هەژموونی وڵاتانی خۆراوایی دەسپێکردووە و وڵاتانی خۆراواش بێگومان بەرپەرچیان دەداتەوە و پلانسازی دەکات لە دژی ئەوان، بۆیە دەکرێت دەرفەت بۆ کورد دروست ببێت. دەرفەتەکەش چییە؟ بۆ نموونە وڵاتانی خۆراوایی ئەزانن دەوڵەتی تورکیا لە پێگە ستراتیژیە جوگرافیاییەکەی خۆی زۆر سوئیستفادە دەکات و وەک چەکێکی فشار لەدژی وڵاتانی خۆراوایی بەکاریدێنێت. ئەوانیش نەک لەبەرخاتری کورد، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیان ڕەنگە دەرفەتی زیندووبوونەوە و ئەفراندنی کیان بدەن بە گەلی کورد، ئەگەر ئەو باڵانسە لەبەرچاوبگرێت، بۆنمونە وەک برابەشێک هەندێ لەو توانا ستراتیژیەی تورکیا لەڕێگەی جوگرافیاکەیەوە هەیەتی، بدرێت بەکورد کە ئەگەر وڵاتانی خۆراوایی بتوانن سودی لێوەربگرن. چونکە لەو ناوچەیەدا هیچ هێزێکی تر جگە لە کورد نییە کە بتوانێت ئەو باڵانسە ڕابگرێت، بۆنمونە: ئازادی بیرو باوەر، ئازادی ژنان و فۆرمێکی دموکراسیانە و لە هەمووی گرنگتر، سەرباری دابەشکردنێکی سەد ساڵی، تا ئێستا کورد هیچ زیانێکی بە بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی خۆراوایی نەگەیاندووە.
پێچەوانەکەی ئەوەش دەوڵەت-نەتەوەکانی فارس و عەرەب و تورک تا ئێستا جگە لە دژایەتی و ئەفراندنی تیرۆر و پشێوی، هیچ سودێکیان نەبووە نە بۆ ناوچەکە و نە بۆ بەرژەوەندیە دوورمەوداکانی وڵاتانی خۆراوایی. تەنیا ئەوەنەبێت کە بەرژەوەندی کورتخایەنیان لە کڕین و فرۆشتن لەگەڵ هەندێ کۆمپانیای خۆراواییدا واژۆکردووە ، کە سودەکەی بۆ ئەوان سنورداربوون. بێگومان وڵاتانی خۆراواییش هێدی هێدی دەرکیان بەوە کردووە و بیر لە گۆڕانکاری و گۆڕانی هەژموونی ئەتنیکی دەکەنەوە بۆ ڕاگرتنەوەی باڵانس بەڵام ئەوە واتای ئەوە نیە کە دەرفەتەکە گرەنتیکراوە، بەڵکو تەنیا لەباریکدا گەلی کورد بتوانێت خۆی بکات بەهێز و یەکگرتوو بێت، ئەوسا دەتوانین ناوی دەرفەت بهێنین. واتە ئەگەر بمانهەوێت خۆمان وەکوو نەتەوەیەک نیشان بەین، ئەبێ خواستەکانمان بکەین بە یەک و ئەبێ یەک دانە مەجلیس ( شورا)مان هەبێت، کە نمایندەی گەلی کورد بێت و پارتەکان نوێنەرایەتیان لەناو ئەو شورایەدا هەبێت. وەکاتێ خواستێکمان هەیە بۆ وڵاتە زلهێزەکان دەبێ لەلایەن هەموومانەوە ئەرێبکرێت. بەتایبەتیش کاتێک دانوسان لەگەڵ داگیرکەراندا ئەنجام دەدەین، دەبێت هەموو یەکهەڵوێست بین. چون هەر هێزێک بە تەنها خۆی دابنیشن بکات ئەوە هەر لەسەرەتاوە هەم لەلایەک دەرفەت دروست دەکەین کە دیسانەوە زلهێزە هەرێمیەکان لەدژی یەک و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکارمان بهێنن و دەمانکەنەوە بە پرۆکسی و هەم هیچ کام لە زلهێزە جیهانیەکانیش هەژمارمان ناکەن و نامانخوێننەوە.
بۆیە بە گشتی ئەگەر ئێمە یەکنەگرین، ئەم دەرفەتە کە ئێستە بۆ کورد هەیە دەبێت بە زەرەر و بەزیان بۆمان تەواودەبێ.
قهندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان، هەڵوێست و سیاسەتی حیزبەکانی کوردستان بە نیسبەت ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەبێ چۆن بێت؟
مێهری ڕهزایی: من پێم وایە لە کۆتایی پرسیاری پێشوودا بەڕێژەیی وەڵامم داوەتەوە. بەڵام دیسانەوە دەڵێم؛ پێویستە پارتەسیاسییەکان دەبێ یەک شت بزانن ئەویش ئەوەی ئەیە کە کوڕ و کچی ئەم نەتەوە سەد ساڵە خوێن ئەدات، بۆ یەک ئامانج، ئەوەش بۆ ئازادی کوردستانە. و هەمومان باش دەزانین ئازادی کوردستان لە یەک گرتنمان دایە. ئەگەر ئێمە یەک بگرین، دەرفەت بۆ ئێمە هەیە. ئەگەر یەک نەگرین دەرفەت لە دەس ئەدەین و بگرە بە پێچەوانەشەوە ڕەنگە ببێ بە هۆی ماڵویرانی گەورەتر بۆ گەلی کورد. ئەو پارتانە دەبێ بزانن کە گەل کوران و کچانی خۆی خۆشدەوێ و ئامادە نیە بۆ بەرژەوەندی پارتەکانی ئەوان خوێن بڕژن بەڵکو بۆ ئازادی کوردستان! بۆیەکانێ هیوادارم ئەو پارتانە لەوە تێبگەن. ئیدی پێویستناکات ئێمە لایەنگری هیچ لایەنێکی شەڕ بین، بەڵکو تەنیا دەبێ لایەنگری دۆزەکەی خۆمان بین و خۆمان یەکبخەین. بۆیە من پێموایە پارتەکان، من مەبەستم لەوانەی هەرچوارپارچەی کوردستان پێویستە لەم کاتەدا یەک بگرن، لانی کەم هەڵوێستی خۆیان یەکبخەن.
من دەزانم پژاک وەکو هێزێکی سیاسی و لەشکەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرنامەیەکی تۆکمەی داناوە ئامادەگی تەواوی تێدایە بۆ ڕێکخستنی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاریکردن لە جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام بێگومان خۆ پەژاک بە تەنها نایەوێ ئەو کارە بکا، دەیەوێ لەگەڵ هەموو پارتەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان بە یەکەوە ئەو کارە بکەن. بەس من نازانم ئەو ئامادەگییە لەناو پژاک هەیە چەندە لەناو پارتەکانی تر هەیە ! من تەنیا ئەوە دەزانم ئەو پارتانەی تر کە لە باشوری کوردستان لە کەمپدان دەتوانن بیربکەنەوە و پلانسازی بکەن .. خۆ کەمپ ڕێگای پلانسازی و بیرکردنەوەیان لێناگرێت.
قەندیل پرێس