سەندیکای مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، ژنە مامۆستایەکی کورد لە مەریوان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە پیشەکەی دوورخرایەوە، دەشڵێن، بڕیاری دوورخستنەوەکەی لە ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن دەستەی تێهەڵچوونەوە لە وەزارەتی پەروەردە پەسەند کراوە.
سەندیکای مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، سەروئاباد، سنە، سەقز، زیویە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە دوورخستنەوەی ژنە مامۆستایەكی کورد و سزادانی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە لایەن دادگای دادوەری کارگێڕی ئێرانەوە سومەیە ئەختەرشەمەر مامۆستای زمانی ئینگلیزی و خاوەن ئەزموونی ١٧ ساڵ و چالاکوانی یەکێتی مامۆستایانی مەریوان بڕیاری دەرکردنی لەكارەكەی درا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەر بنەمای نامەیەکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مەریوان، لەلایەن دەستەی سەرەتایی بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی کارگێڕی کارمەندانی سنە لە کارەکەی دوورخرایەوە، ئەم بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن دەستەی تێهەڵچوونەوە لە وەزارەتی پەروەردە پەسەند کرا.
باس لەوەشکراوە، لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٤دا ئەو ژنە مامۆستایە بە تۆمەتی”بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ناشرین و هەواڵی ناڕاست دژ بە ئێران، ئەندامێتی چالاک لە پێگە نافەرمییەکانی یەکێتی مامۆستایان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داڕشتنەوەی پرسیار بۆ تاقیکردنەوەی ناوخۆیی خولی زمانی ئینگلیزی بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەران، پشتیوانی لە پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، بڵاوکردنەوەی وێنە بە جلوبەرگی دژ بە ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پشتیوانیکردن لە درووشمی دووبەرەکی” سزا دراوە.
جێگای ئاماژەیە، ئێران بە بەردەوامی لە هەوڵی دوورخستنەوەی مامۆستایانی کوردە لە پیشەکانیان و تەنانەت زیندانیی دەکرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت، جگە لەوەی زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی لێبڕینی مووچە بوونەتەوە و ٤٧ مامۆستاش لە مافی پلەبەندی بێبەش کراون، هەروەها دۆسێیە بۆ زیاتر لە هەزار مامۆستا درووست كراوە و بە سەدان مامۆستا لە پیشەکانیان دوورخراونەتەوە و بە زۆرەملێ خانەنشین کراون.
قەندیل پرێس