ناڕەزایەتییەکان دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل و دانانی قەیووم لە باکووری کوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا بە ڕێپێوانێک گەلی خەلفەتی درێژەی بە ناڕەزایەتییەکان دا و دانانی قەیوومی شەرمەزار کرد.
ئەمڕۆ، جارێکی دیکە گەلی خەلفەتی، لە دژی قڕکردنی سیاسیی و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد و ڕێپێوانیان ئەنجام دا.
گەل بەرەبەیان ڕوویان لە بەردەم شارەوانییە داگیرکراوەکە کرد و بە گۆرانی کوردی و هەڵپەرکێ و وتنەوەی درووشم درێژەی بە بەرخۆدانی خۆی دا.
دواتر بە بەشداریی محەمەد قەرەیلان و سانیە بایرام، هاوسەرۆکانی شارەوانیی خەلفەتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتیی ڕحا، پرسووس و وێرانشەهر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئازادییخوازان ڕێپێوان بە چەپڵە و هەلهەلە دەستی پێکرد.
هەروەها لە ڕێپێوانەکەدا درووشمەکانی “بژی بەرخۆدانی خەلفەتی، قەیووم دزە و بەرخۆدان ژیانە، ژن ژیان ئازادیی” وترانەوە و کەسانی دەوروبەری ڕێپێوانەکەش بە بەرزکردنەوەی ئاماژەی سەرکەوتن خاوەندارییان لە بەرخۆدانەکە کرد.
هاوکات بە درێژایی ڕێپێوانەکە بانگەوازیی لە گەل کرا بەشداریی لە چالاکییەکاندا بکەن.
ڕێپێوانەکە تا بەردەم بارەگای دەم پارتی ناوچەکە درێژەی کێشا.
قەندیل پرێس