دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، پیت هێگسیس، پێشکێشکاری کەناڵی فۆکس نیووزی بە وەزیری بەرگریی کابینە نوێیەکەی دەستنیشان کرد. پیت بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیل ناسراوە.
رۆژی سێشەممە، 12-11-2024 دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند “پیت کەسێکی تووند، زیرەک و باوەڕدارێکی راستەقینەیە بەوەی سیاسەتی ئەمریکا یەکەمە. لەگەڵ پیت، دووژمنەکانی ئەمریکا لە ئامادەییدا دا دەبن، سوپاکەمان دووبارە زۆر باش دەبێتەوە و ئەمریکا هەرگیز پاشەکشە ناکات.”
پیت هێگسیس، گلەیی زۆری لە سوپای وڵاتەکە و شێوازی کارکردنی هەیە.
هێگسیس سەرەتای ئەم مانگە لە پۆدکاستێکدا لە کەناڵەکەی گوتبووی “گەمژەترین دەستەواژە لەسەر زەوی لەبواری سەربازیدا؛ هەمەچەشنیی سوپای ئێمەیە.”
لە هەمان پۆدکاستدا پیت رایگەیاند، یەکەم کاری وەکو وەزیری بەرگری وڵاتەکەی، دەرکردنی جێن براون، ئەفسەری باڵای سوپا دەبێت و، ئەوی بە دروستکردنی “جیاکاری” لەنێو سوپای وڵاتەکە تۆمەتبار کرد.
پیت هێگسیس ئەگەر وەکو وەزیر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە پەسند بکرێت، وەک خۆی دەڵێ یەکەم کاری بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی ترەمپە، لەکاتی هەڵبژاردن دا، ئەویش ”دەرکردنی ئەو جەنەراڵانەیە” کە ترەمپیان بە سیاسەتی هەڵە لەبواری سەربازی تۆمەتبار کرد.
دوای ناساندی پیت هێگسیس، وەک وەزیری بەرگریی لەلایەن ترەمپەوە، دیموکراتەکان هەر زوو رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت. لە بەرامبەردا کۆمارییەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرد.
مایک جانسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران (کۆمارییە) گوتی، “پیت هێگسیس شتی نوێ دەکات و، چاکسازی لەو بوارانە دەکات کە پێویستیان بە چاکسازییە. ”
دیموکراتەکان دەڵێن، هێگسیس شایستەی ئەو پۆستە نییە و ئەزموونی لە “سیاسەتی نێودەوڵەتیدا” نییە.
ئادەم سمیس، نوێنەری دیموکراتەکان و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی لە ئەنجوومەنی نوینەران گوتی، “کاری وەزیری بەرگری، نابێت لە ئاستێکی سەرەتایی دا بێت.”
ئادەم سمیس هەروەها دەڵێ “راستە ئەو خزمەتی سەربازی هەیە، بەڵام ئەو پۆستە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر زیاترە.”
پیت هێگسیس بە داکۆکیکاری سەرسەختی ئیسرائیل ناسراوە و بەردەوام دژی چارەسەری دوو دەوڵەت (ئیسرائیل و فەلەستین) وەستاوەتەوە.
لە ئاداری ئەمساڵ دا، هێگسیس لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکەیدا لە کەناڵی فۆکس نیووز میوانداریی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد. دوای بەرنامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی “چاوپێکەوتنەکەی ئەمڕۆم لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ ئیسرائیل پێویستی بە پشتیوانی ئێمەیە.”
وەزیری بەرگریی دەستنیشانکراوی کابینە نوێیەکەی ترەمپ، بەوە ناسراوە بەردەوام رەخنەی لە هاوپەیمانیی ناتۆ گرتووە و بە لاواز ناوی بردوون چونکە “نەیانتوانیوە سنوورێک بۆ چین دابنێن.”
قەندیل پرێس