عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە وڵاتەکەی و ئەمریکا.
عێراقچی وێڕای دەربڕینی گەشبینی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، هۆشداری دا کە زمان و هەڕەشەی سەربازی بەرامبەر وڵاتەکەی سوودی نابێت.
دانوستاندنەکانی جنێڤ
عێراقچی گوتی، گفتوگۆکەی رۆژی سێشەممەی جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی باش بوو و گوتی: “ئێمە لەسەر کۆمەڵێک بنەما بۆ دانوستاندنەکانمان گەیشتینە رێککەوتن. ئێستا لە هەردوولا داوا کراوە کە رەشنووسی رێککەوتنێک ئامادە بکەن تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر زمان و وردەکاریی دەقەکە بکەین.”
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، ئێران پێشنیازی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردبێ یان ئەمریکا داوای “سفر پیتاندنی” کردبێت. عێراقچی گوتی: “ئێمە ئێستا تەنیا باس لەوە دەکەین چۆن دڵنیا بینەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە ئاشتییانە دەمێنێتەوە لە بەرامبەر لادانی سزاکاندا.”
بژاردەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی 2025
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد: “هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە.”
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو)ی مانگی حوزەیرانی 2025ی ئەمریکا کرد، کە ناوی هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئەمریکایە بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و گوتی: “پار هێرشێکی زۆر گەورە کرایە سەر دامەزراوەکانمان و زاناکانمان شەهید کران، بەڵام نەیانتوانی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان لەنێوببەن، چونکە ئەمە تەکنەلۆژیایەکی نێوخۆییە و لەڕێگەی بۆردوومانەوە لەنێو ناچێت. تەنیا دیپلۆماسی چارەسەرە.”
پەیام بۆ ترەمپ و کۆنگرێس
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، عێراقچی پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی کۆنگرێس کرد و رایگەیاند: “ئێران گەلێکی خاوەن شکۆیە. ئەگەر بە زمانی رێز قسەمان لەگەڵ بکەن، ئێمەش بە هەمان زمان وەڵامتان دەدەینەوە. بەڵام ئەگەر بە زمانی هێز و هەڕەشە بدوێن، ئێمەش بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەین.”
عێراقچی گوتی، کۆبوونەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران نەک یارمەتیدەر نییە، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و داوای کرد رێگە بدەن دیپلۆماتەکان کارەکانی خۆیان بکەن تاوەکو لە چەند هەفتەی داهاتوودا بگەنە ئەنجامێکی گونجاو.
قەندیل پرێس