ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا بڵاوی كردەوە، هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە چڕتر کراوەتەوە لەو چوارچێوەیەشدا، دوو چالاکوانی کورد سزا دراون، چالاکوانێکیش خراوەتە زیندان و چارەنووسی هاوڵاتییەکی دیکەش نادیارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لەبارەی بارودۆخی هاوڵاتییان و چالاکوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە ٣١ـی تەممووزی ئەمساڵدا، دوو چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد بە ناوەکانی هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی”بانگەشەی پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” هەر یەکێکیان بە پێنج مانگ زیندانییکردن و بە دە ملیۆن تمەن پێبژاردن سزا دران.
باس لەوەشکراوە، هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی ڕەحمان ئەسلانی تەمەن ٦٣ ساڵ و خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی سێ ڕۆژە چارەنووسی نادیارە، کە لە ٢٩ـی تەممووزی ئەمساڵدا لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، چالاکوانێکی دیکەی کورد و وێنەگر بە ناوی مەنسوور ڕەحیمی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای ١٧ ڕۆژ دەستگیر کردن و لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی ناوەندی شارەکە گواسترایەوە، لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی زۆری جەستەیی بووەتەوە.
دەشڵێن: ئەو چالاکوانە لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی و پارێزەر و بینینی کەسوکارەکەی بێبەشکراوە، کە پێشتر لە ١٥ـی تەممووزی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵی باوکی لە شاری مهاباد بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا.
جێگای ئاماژەیە، لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان، تا ئێستا زیاتر لە ٣١٨ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون.
قەندیل پرێس