قەندیل پرێس – پاریس
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ قەندیل پرێس؛ ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە، دواتر بۆ پێشنیاری ئاگربەست لەنێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل سەردانی لوبنان دەکات.
سەرچاوەیەک لە نێو وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ قەندیل پرێس؛ سوبەینێ کاتژمێر 9ـی بەیانی 6ـی شۆباتی 2026 ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بارەگای بارزانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە، باسی دۆخی سیاسی ئێراق و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێراق دەکەن، هەروەها گفتۆگۆ لەبارەی دۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدەن.
ئەو سەرچاوەیە بۆ قەندیل پرێس ئاماژەی بەوەش کرد؛ لە کۆبوونەوەی ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ مەزڵۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، پشتیوانی فەرەنسا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکرایەوە و باسی تایبەتمەندی کورد، بەردەوامی بەشداری شەڕڤانان لە شەڕی دژی داعشدا و مانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لە ڕۆژئاوا و گرەنتی چاودێری ئیمانویل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی دیمەشق کرا.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد پێش کۆبوونەوەی فەرمی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەردوو لا بۆ ماوەی 50 خۆلەک کۆبوونەوەیەکی داخراوی دور لە چاوی میدیایان ئەنجامداوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای سەرەدانەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، راستەوخۆ لە فرۆکەخانەی هەولێر بەرەو بەیرۆتی پایتەختی لوبنان گەشت دەکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبنان، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری لوبنان کۆدەبێتەوە.
قەندیل پرێس زانیویەتی لەکارنامەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسادا پێشنیاری ئاگربەستی حزبوڵڵا و ئیسرائیل هەیە، لە کاتێکدا ئیسرائیل داوای چەکدانانی حزبوڵڵا دەکات نەک ئاگربەست.
دوێنێ 5ـی شۆباتی 2026 ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە گەشتێکی دیپلۆماسیدا سەردانی سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و بڕیارە ئەمرۆ سەردانی لوبنان بکات، ئامانجی سەردانەکەشی تاوتوێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و پرسی شەڕی دژە تیرۆرە لە سوریا و ئێراق و جەنگی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل.
قەندیل پرێس