قەندیل پرێس – بەغداد
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا دەکات سەبارەت بە لێدوانەکانی هاکان فیدان، پەرلەمانتارێک بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ عێراق پێویستی بە ئامۆژگاری تورکیا نیە و هەڕەشەش لێ قبوڵناکەین.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا دەکات سەبارەت بە لێدوانەکانی هاکان فیدان ئەوانیش دەڵێن؛ لێدوانی هاکان فیدان بە وردی وەرگێڕانی بۆ نەکراوە، و هاکان فیدان لە لێدوانەکەی مەبەستی چەکدارە کوردەکان بووە، نەک دەستوەردان لە کاروباری عێراق.
هاوکات حەبیب حەلاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی “سادقون”، لە وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە وتی دوای سوریا نۆرەی عێراقە و هیوادارین سود لە ئەزمونی سوریا وەرگرن بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ عێراق سووریا نییە و زمانی هەڕەشە و دەستوەردانتان قبوڵ ناکات.
حەلاوی ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو لێدوانانەی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەو تۆنە هەڕەشەئامێزەی بەرامبەر بە عێراق تێیدا بوو، جارێکی دیکە هەمان عەقڵییەتی لووتبەرزی نیشان دەداتەوە کە نە لە وانەکانی مێژوو و نە لە ڕاستییەکانی جوگرافیاوە فێری وانە نەبووە.” هەروەها دەڵێت: “عێراق وانە لە کەس وەرناگرێت و بە عەقڵییەتی وەسایەت و سەرپەرشتی بەڕێوە نابرێت.”
جێی باسە جگە لە حەمەی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، کە وتی”هاکان فیدان خلەفاوە” هیچ حیزب و بەرپرس و وەزارەت و فەرمانگەیەکی هەرێم ناڕەزاییان لە قسەکانی هاکان فیدان دەرنەبڕیووە.
قەندیل پرێس