حکومەتی سووریا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بە پرەنسیپی “یەک سووریا، یەک سوپا، یەک حکومەت” دووپاتکردەوە و هەر جۆرە دابەشکردنێک و فیدراڵییەکى بۆ سووریا رەتکردەوە.
حکومەتی سووریا لە راگەیەندراوەکەیدا، کە ئاژانسی هەواڵی “سانا”ـی سووری بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، سوپای سووریا ئەو دامەزراوە نیشتمانییەیە هەموو هاوڵاتییانی وڵاتەکە یەکدەخات، دەوڵەتیش پێشوازی لە پەیوەستبوونی هەسەدە دەکات بە ریزەکانییەوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای پەسەندکراودا.
حکومەتی سووریا هۆشداریدەدات لە هەر دواکەوتنێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنە واژۆکراوەکان بەوپێیەی خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی ناکات، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و رێگریدەکات لە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا.
راگەیەندراوی حکومەتی سووریا ئەوەشی خستووەتەڕوو: “دەوڵەتی سووریا گەڕانەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی وڵات بەپێویست دەزانێت، لەوانە خزمەتگوزاریی تەندروستی، پەروەردە و دامەزراوەکانی ئیدارەی ناوخۆ، بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتییان و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری و بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیریی کۆمەڵگە”.
حکومەتی سووریا دووپاتیکردەوە کە پێکهاتەی کورد بەشێکی دانەبڕاو لە پەیکەری هەمەچەشنی سووریا بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە مافی هەموو سوورییەکان، لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پارێزراون و رێزیان لێدەگیرێت.
رۆژی چوارشەممە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا لە دیمەشق کۆبوونەوە و تاوتوێی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقیان کرد.
هەر یەکە لە تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و ژان باپتیست، نوێنەری فەڕەنسا بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
قەندیل پرێس