ئەمڕۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا قەدەخەی بەکارهێنانی ئاسمانی تورکیای بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی تاوەکو 6ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ درێژکردەوە.
لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە “دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان.”
دوایین جار لە 06-01-2025 تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە. لە دوای ئەو رێککەوتەوە، نە کاتەکەی درێژ کردووەتەوە و نە قەدەخەکەی هەڵگرت تاوەکو ئەمڕۆ، کە بۆ جارێکی دیکە درێژیکردووە.
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
قەندیل پرێس