به‌په‌له

ترەمپ: مێژوویەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، کە تێکەڵەیەک بوو لە هێز، ئاهەنگگێڕان و دیپلۆماسیی چاوەڕواننەکراو، ستراتیژیی وڵاتەکەی بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو و رایگەیاند، “مێژوویەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدەدات.”

ئاشتی لە رێگەی هێزەوە؛ پەیامێک بۆ دوژمنان
ترەمپ فەلسەفەی کارکردنی خۆی بە روونی خستەڕوو و وتی، “لە رێگەی هێزەوە ئاشتی دەچەسپێنین.” لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە پشتیوانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، “ژمارەیەکی زۆر چەکمان دایە ئیسرائیل و ئێوەش باش بەکارتانهێنا.”

هاوکات بەڵێنی روونیشی دا بۆ داهاتووی ئاسایشی ئیسرائیل:

– حەماس؛ “حەماس لە چەک دادەماڵرێت و نابێتەوە بە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل.”

– حزبوڵا؛ “شکست بە حزبوڵای لوبنان هێنرا کە ئیسرائیلی بە ئامانج دەگرت.”

– وانەی 7ی ئۆکتۆبەر؛ “ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر روویدا، پێویستە دووبارە نەبێتەوە.”

پەیامە چاوەڕواننەکراوەکە بۆ ئێران
سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی دوولایەنەی ئاراستەی تاران کرد. لەلایەکەوە بە توندی وتی، “رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەنی مەترسیدارترین چەک” و “ئێران لێدانێکی کوشندەی بەرکەوت.” بەڵام لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، دەرگای گفتوگۆی واڵا کرد و وتی، “کارێکی باش دەبێت رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێرانییەکان بکەین.”

ئاهەنگی گەڕانەوەی بارمتەکان و پێزانین بۆ هاوپەیمانان
ترەمپ بە خۆشحاڵییەوە هەواڵی ئازادکردنی بارمتەکانی راگەیاند و وتی، “ئەمڕۆ 20 بارمتە دەگەڕێنەوە باوەشی خێزانەکانیان.” هاوکات پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی وڵاتانی دیکە دەربڕی و رایگەیاند، “سوپاسی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکەم کە فشاریان لە حەماس کرد بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.”
ئاماژەی بە دەستکەوتەکانیشی کرد و وتی، “لە ماوەی 8 مانگدا کۆتاییمان بە 8 جەنگ هێناوە.”

بەڵێنی ‘سەردەمێکی زێڕین’ و ئامانجی داهاتوو
لە کۆتاییدا، ترەمپ بەڵێنیدا کە “هاوشێوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سەردەمێکی زێڕینە بۆ ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و ئامانجی داهاتووی خۆیشی ئاشکراکرد و رایگەیاند، “لە مەودوا هەوڵەکانمان بۆ وەستاندنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەخەینەگەڕ.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *