به‌په‌له

ترەمپ: ئیسرائیل کەرتی رۆژئاوا بەخۆیەوە بلکێنێت، پشتیوانیی ئەمریکا لەدەست دەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە خاکەکەیەوە بلکێنێت، پشتیوانییە چارەنووسسازەکەی ئەمریکا لەدەست دەدات.

لێدوانەکانی ترەمپ، کە گۆڤاری تایم رایگەیاندووە رۆژی 15ی تشرینی یەکەم لە رێگەی تەلەفۆنەوە دراون، لە کاتێکدا بڵاوکرانەوە کە هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییان دژی هەر هەنگاوێکی لکاندن دابوو.

ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئەگەر ئیسرائیل ئەو کارە بکات، دەرەنجامەکانی چی دەبن، گوتی: “ئەوە روونادات. ئەوە روونادات، چونکە من بەڵێنم بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە و ئێستا ناتوانیت ئەو کارە بکەیت. ئێمە پشتیوانییەکی گەورەی عەرەبیمان هەبووە.”

“ئەگەر ئەوە رووبدات، ئیسرائیل هەموو ئەو پشتیوانییەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەیەتی، لەدەستی دەدات.”

ترەمپ بە گۆڤاری تایمی گوتووە، پێیوایە سعودیە تاوەکو کۆتایی ساڵ دەچێتە پاڵ رێککەوتننامەکانی ئەبراهام، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دروستدەکات.

کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا پێیوایە ریاز لەو ماوەیەدا دەچێتە پاڵ رێککەوتنەکە، گوتی: “بەڵێ، پێموایە.”

هەروەها گوتیشی: “ئەوان کێشەیەکیان هەبوو. کێشەی غەززەیان هەبوو و کێشەی ئێرانیان هەبوو. ئێستا ئەو دوو کێشەیەیان نییە،” مەبەستی لە جەنگی ئیسرائیل لە غەززە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو، کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا کردیانە ئامانج.

دواتر ترەمپ گوتی، “بڕیارێک دەدات” لەسەر ئەوەی ئایا پێویستە ئیسرائیل مەروان بەرغوسی، زیندانییە دیارەکەی فەڵەستین، وەک بەشێک لە هەنگاوەکانی ئاشتی ئازاد بکات یان نا.

بەرغوسی، کە سەر بە بزووتنەوەی فەتحی رکابەری حەماسە، یەکێک بوو لەو زیندانییە فەڵەستینیانەی کە بەپێی میدیاکانی نزیک لە حکومەتی میسر، حەماس دەیویست وەک بەشێک لە رێککەوتنی غەززە ئازاد بکرێت.

ترەمپ لە رۆژانی رابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای رەوانەی ئیسرائیل کردووە بۆ پتەوکردنی ئەو ئاگربەستە ناسکەی غەززە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا نێوەندگیریی تێدا کرد.

بەڵام لە کاتێکدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک سەردانە سێ رۆژییەکەی کۆتایی پێهێنا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە گەیشتە ئیسرائیل، پەرلەمانتارانی ئیسرائیل دوو پڕۆژەیاسایان پەسەندکرد، کە رێگە بۆ لکاندنی کەرتی رۆژئاوا خۆش دەکەن.

ڤانس رایگەیاند، ئەمە “هەنگاوێکی سیاسیی زۆر گەمژانەیە و من هەست بە سووکایەتی دەکەم.”

روبیۆش پێش بەجێهێشتنی واشنتن، دژی لکاندنی کەرتی رۆژئاوا هۆشداریدا و رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی پەرلەمان و تووندوتیژیی نیشتەجێبووان، هەڕەشە لە ئاگربەستی غەززە دەکەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

روبیۆ لە نامەیەکدا بۆ نێچيرڤان بارزانى: سه‌ركردايه‌تیتان دەبێتە هۆى پته‌وكردنى ئاشتى و هاريكارى

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 9-11-2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ ماركۆ روبيۆ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكاوه‌ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *