هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەت لە وەڵامی ئۆجەلان و پەکەکەدا هیچ هەنگاوێکی نەناوە و ئەگەر تورکیا کێشەی کورد چارەسەر نەکات، کارەساتێکی گەورە چاوەڕێی دەکات.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان “کەجەکە” لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای پارتەکەی، رایگەیاند، “عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە ئەرکی سەرشانیان جێبەجێکرد و دەبوو دەوڵەتیش وەک وەڵام هەنگاو بنێت. پێویستبوو پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەکی دروستکردایە و دەستی بە کار بکردایە، یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە دەرکرایە، بۆ ئەوەی پەکەکە لەبری خەباتی شاخ، لە شار و گۆڕەپانی سیاسیی چالاکییان بکردایە. ئەگەر دەوڵەت جددی بوایە و نیازی ئاشتی هەبوایە، دەبوو ئەو کارانەی بکردایە. ”
هۆزات ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە هەنگاو نەنرێت و یاسا دەرنەکرێت، ئەندامێکی پەکەکە چۆن لە شاخەوە دابەزێتە ناو شار و کاری سیاسیی بکات؟ پەکەکە لە 12ـی ئایار ئەنجامدانی کۆنگرەی راگەیاند و ئێستا کۆتایی حوزەیرانە، کەچی تاوەکو ئێستا هیچ نەکراوە و ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە.
بەسێ هۆزات ناوهێنانی پرۆسەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە “تورکیای بێ تیرۆر” بە هەڵە دەزانێت و دەڵێت، “ئەو ناوهێنانە رەتدەکەینەوە، چونکە پرۆسەکە روونە و ناوی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە، بۆیە پێویستە دەسەڵات دەست لەو پێناسە و ناوهێنانە هەڵبگرێت.”
هۆزات مەرجی سەرخستنی پرۆسەکەی بەستووەتەوە بە کۆتاییهێنان بە فشارەکانی سەر جەهەپە و گوتوویەتی، ئەگەر دەوڵەت نیازێکی جددی هەبوایە بۆ چارەسەر، بەو ئاستە قورسە فشاری لەسەر ئۆپۆزسیۆن دروستنەدەکرد، چونکە لە هەمان کاتدا دیموکراسی لە دیاربەکر و فاشیزم لە ئیستانبوڵ نابێت و ناکرێت.
هۆزات گوتیشی، ئەو گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن، دەریانخست ئەو پرۆسەیە چەند گرنگە کە ماوەی چەند مانگێکە لەئارادایە، هەربۆیە پێویستە دەسەڵات و دەوڵەت هەنگاوی کرداریی بنێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ناوچەکە بووە بە دۆزەخ و پریشکی ئاگری ئەو دۆزەخەش دەگاتە تورکیا، تاکە رێگەی تورکیا بۆ خۆڕزگارکردن لەو ئاگرە، بریتییە لە هاوپەیمانێتیی ستراتیجی لەگەڵ کورد و چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کورد، ئەگەر نا کارەساتێکی گەورە چاوەڕێی تورکیا دەکات.
گوتیشی، پێویستە کورد لەو گۆڕانکارییانەی روودەدەن تەنیا پشت بە هێز و توانای بەرگریلەخۆکردنی خۆی ببەستێت، چونکە بە پشت بەستن بە هێزەکانی دیکە، ناتوانێت بوون و ئازادی خۆی گرەنتی بکات و بیپارێزێت.
قەندیل پرێس