وەزیرانی دەرەوەی 25 وڵاتی جیهان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە دەکەن و دەڵێن، نەهامەتیی هاووڵاتی غەزە گەیشتووەتە لوتکە.
وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و 22 وڵاتی دیکەی جیهان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، هەوڵەکان بۆ دەستبەجێ کۆتاییهێنان و راگرتنی بێمەرجی جەنگی غەزە چڕبکەنەوە، ئامادەییشیان بۆ هەر دەستپێشخەرییەک دەربڕیوە کە پاڵپشتی ئاگربەست و رێگەچارەی سیاسی بکات، بە شێوەیەک ئاسایش و سەلامەتی ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان و تەواوی ناوچەکە پارێزراو بێت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو شێوازەی ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکانی پێدەگەیەنێتە دانیشتووانی غەزە، شێوازێکی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر، دانیشتووانی لێەقەوماوی غەزەش لە شکۆی مرۆڤایەتییان بێبەش دەکات.
راگەیەنراوەکەی ئەو 25 وڵاتە لە کاتێکدایە، دانیشتووانی غەزە لە دۆخێکی مرۆیی سەختدان و هەزاران کەس بەدەست برسێتی و نەبوونی پێداویستییەکانی رۆژانەوە دەناڵێنن.
تەندروستیی غەزەش دەڵێت، تەنها لە 24 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم 134 کەس کوژراون و هەزار و 155 کەسی دیکەش برینداربوون.
قەندیل پرێس