به‌په‌له

باکرهان: هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی پرۆسەکە نەنراوە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بۆ پاراستن و بەردەوامیدان بەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە، هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە و دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش هیچ هەڵوێستێکی پیشاننەداوە تاوەکو خەڵک دڵنیا بکاتەوە.

گوتیشی، ئیتر کاتی کۆتاییهێنانە بەو بێدەنگی و بێباکییەی لەبارەى پرۆسەکە لە ئارادایە.

هاوسەرۆکی پارتی دەم باسی لەوەشکرد، دیموکراسی شتێک نییە مایەی ترس بێت، بۆیە لەبری ترس، کاتی ئەوەیە بە بوێرییەوە هەنگاو بنرێت.

باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد، وەک رابردوو، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و چارەسەر، بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی، “کورد لە دەوری هیوای ئاشتی کۆبووەتەوە، ئەوەش لە گۆڕەپانەکانی نەورۆز پیشاندرا. هەمووان پشتیوانیی خۆیان بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان دووپاتکردەوە. لەو هەنگاوانەی کە چاوەڕواندەکرێت بنرێت، هێواشیی و بێباکیی هەیە. لەکاتێکدا دەبێت هەنگاو بنرێت کەچی چاوەڕوانیی هەیە. ئێمە باس لە بنەڕەتیترین بابەتی تورکیا دەکەین، کەچی هەمووی هەر چاوەڕێیە و جوڵە نییە”.

ئەوەشی گوت، “لەکوێی جیهان بە چاوەڕوانی ئاشتی بەدیهاتووە؟ ئەگەر نموونەیەکتان لەبەردەستدایە پێمان بڵێن با ئێمەش بە ئاسوودەییەوە لە ماڵەکانمان دابنیشین، مادام ئاشتی خۆی دێت. ئێمە دەمانەوێت باس لە بابەتی نوێ بکەین و گوێمان لە بابەتی نوێ بێت. ئەوەش داواکاریی هەموو تورکیایە.”

“پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بهێنرێت و پەرلەمان پێشەنگیی ئەو پرۆسەیە بکات”

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم، رەخنەی توندی لە دەوڵەتی تورکیا گرت، کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و گوتی، لەکاتێکدا گفتوگۆ لەبارەی بنەڕەتیترین بابەتی مێژووی کۆماری تورکیا دەکرێت، لایەنی سەرەکی گفتوگۆکە کە ئۆجەلانە، لەژێر گۆشەگیریدایە.

باکرهان داوای لە پەرلەمان کرد، پێشەنگیی پرۆسەکە بکات و بە دەرکردنی چەند یاسایەک رێگە بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان خۆش بکات.

هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی، چەکدانان پێویستی بە یاسایەکی تایبەتە و دەبێت هەنگاوی بەپەلەی بۆ بنرێت، چونکە داوای چەکدانان پێویستی بە رێکخستنی یاسایی هەیە.

باکرهان باسی لە گرنگیی مافی ئومێد کرد، کە رێگە بۆ ئازادبوونی سزادراوە قورسەکان دەکاتەوە و گوتیشی، ئۆجەلان بەرپرسیاریەتییەکی بێوێنەی خستووەتە سەر شانی و خۆی خستووەتە ژێر بارێکی قورس. هەر بۆیە پێویستە بارودۆخی کارکردنی رێکبخرێتەوە.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر داخوازی بۆ ئاشتی هەیە، بۆچی گۆشەگیری بەردەوامە؟ چۆن ئەمە رووندەکرێتەوە؟ بۆیە پێویستە دەستبەجێ وەک یەکەم هەنگاوی ئاشتی، کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان بهێنرێت. ئاشتیی جدییەت و دڵسۆزیی دەوێت، وەک ئەوەی ئێمە دەیکەین. ئەوە مایەی قبوڵ نییە لە لایەک باسی ئاشتی بکەیت و لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوامیی بە گۆشەگیریی بدەیت و وا مامەڵە بکەیت کە پرۆسەیەک لە ئارادا نییە”.

باکرهان باسی ئەوەشیکرد، “بێباکی بەرامبەر هەوڵە چڕەکانی ئۆجەلان بۆ ئاشتی، نیگەرانییەکانی کورد و ئەوانەی داوای چارەسەر دەکەن زیاد دەکات. دەبێت بە هەنگاوی بوێرانە کار بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم ئاشتی بکرێت، نەک تەنیا بە قسە. گەورەترین کێشەی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە شتێک دەڵێت، بەڵام ئەوەی پێویستە بۆ ئەو شتە نایکات.”

باکرهان: چاوەڕوانین ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەردۆغان کۆببینەوە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان “پارتى دەم”، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا لە دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لەبارەی وادەی سەردانەکەیان بۆ لای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییدا ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا هیچ شتێکیان پێنەگوتراوە و چاوەڕوانن ئەم هەفتەیە سەردانەکە بکەن و دەشڵێت “باش و ئەرێنی دەبێت”.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لەوبارەیەوە گوتی، “بۆچوونم وایە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا شاندەکەمان لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە. بۆچوونمان وایە باش و ئەرێنی دەبێت و دەبێتە مایەی شتی باش لە تورکیا. هیوادارین لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بێت و چاوەڕوانین. هێشتا کات و رۆژەکەی دیارنییە و هێشتا شتێکی راگەیەندراو بە ئێمە بوونی نییە”.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دوو هاونیشتمانی خەڵکی بۆکان لە خۆپێشاندانەکانی تاران کوژران

لە خۆپێشاندانەکانی تاران دوو هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *