رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکيدا ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار، موشەکی دوورمەودای زەوی بۆ زەوی بۆ عێراق گواستووەتەوە، ئەوەش بە پەرەسەندنێکی مەترسيدار دادەنرێت لەنێوان واشنتن و تاران.
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ناوچەکە، گواستنەوەکە هەفتەی رابردوو بە هەماهەنگیی راستەوخۆی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە، ئەوەش دوای هۆشدارييەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە هەڕەشەی باجێکی قورسی لە تاران کردووە، لەسەر چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێران نەک هەر موشەکی بالیستیکی کورتمەودای وەک قودس 351 و جەمال 69ـی گواستووەتەوە، بەڵکو جۆری نوێی موشەکی دوورمەودای بۆ ئەو گرووپانە ناردووە، کە پێشتر نەيانبووە، ئەمەش توانای ئەوەيان پێدەدات ئامانجی دوور بپێکن، کە رەنگە ئەوروپاش بگرێتەوە”.
تايمز لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ناوچەکەوە رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە مانۆڕێکی نائومێدانەی ئێرانە، کە مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دروستدەکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاران هەوڵدەدات نەخشەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانيیەوە دووبارە دابڕێژێتەوە.
تایمز دەشڵێت، ئەم موشەکانە لەژێر ئاسایشی توندی سنوورەکاندا بە قاچاخ گواستراونەتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی ستراتیجیی بەرپەرچدانەوەی ئێرانە لە ئەگەری فشارەکانی رۆژئاوا، یان زیادبوونی هێرش بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان یان گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران لە ناوچەکەدا.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی لەبارەی عێراقەوە لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرزەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ چەک داماڵين لە پێناو دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا.
بەڵام گواستنەوەی ئەو چەکە پێشکەوتووانە پێچەوانەی ئەو بابەتانەيە و گومان دەخاتە سەر نيازی ئێران.
ئەمە یەکەمجارە تاران ئەمجۆرە موشەکە پێشکەوتووانە بگەیەنێتە چەکدارەکانی لە عێراق، ئەم پێشهاتە دەکرێت ناوچەکە بخاتە قۆناغێکی نوێی ململانێ لەنێوان تاران و واشنتن، ئەوەش دیمەنی ئەمنیی عێراق و کەنداو زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
قەندیل پرێس