قهندیل پریس
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و داهاتووی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاند کە ئەوان لە ئێستادا چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکان دەکەن و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداری نییە.
لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بە تایبەتی دوای هێرشە ئاسمانی و سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پرسیار گەلێک لەسەر داهاتووی خەباتی سیاسی و سەربازی هێزە کوردییەکان دروست بووە و دۆخەکە وەک دەرفەتێک بۆ خەباتی سیاسی سەیر دەکرێت.
عەزیزی لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمریکا، سەبارەت بە ڕەخسانی دەرفەت بۆ گەڕانەوەی هێزە کوردییەکان بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، ئەگەر ئاڵوگۆڕێک بێتە ئاراوە بۆ چوونەوە ناوخۆی کوردستانی ئێران ئەوە باشترین شتە، بەڵام ئەوان لە ئێستادا بەرنامەیەکیان نییە بۆ دەستپێکردنی شەڕێک.
گوتەبێژی حزبی دێموکرات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان بەپێی گۆڕانی دۆخەکە هەڵوێست وەردەگرن، چونکە ئەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە شەڕی ئەوان نییە.
ئەم لێدوانانە نیشانیدەدەن کە ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە جیاتی پەنابردنە بەر جموجۆڵی سەربازی خێرا لە کاتی پێکدادانە نێودەوڵەتییەکاندا، زیاتر سەرنجیان لەسەر پاراستنی پێگەی سیاسی خۆیان و چاوەڕوانکردنی گۆڕانکارییەکانە بۆ خەباتی سیاسی لە ناوخۆی وڵاتدا.
قەندیل پرێس