قهندیل پریس- ڕاپۆرتی شیكاری
گرژییە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، نەخشەی گواستنەوەی وزەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی توند و خێرا کردووەتەوە. ئەو شۆکە یەک لەدوای یەکانەی بەر گەرووی هورمز کەوتن، کە پێنج یەکی پێداویستی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، مەترسییەکانی پشتبەستنی ڕەهای بە ڕێڕەوە دەریاییەکان هێناوەتەوە پێشەوە. ئەم دۆخە وڵاتانی ناوچەکەی ناچار کردووە بەدوای جێگرەوەی وشکانیی ئارامتر و جێگیرتردا بگەڕێن، کە لە سەرووی هەمووانیانەوە، هێڵی نەوتی کەرکووک – جەیهان وەک بژاردەیەکی ستراتیژیی بەهێز لەسەر مێزی گفتوگۆکانی بەغدا و ئەنقەرە خۆی دەنوێنێت.
ئەم هێڵە وشکانییە کە مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە، درێژییەکەی نزیکەی 970 کیلۆمەترە و کێڵگەکانی کەرکووک بە بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە. هێڵەکە لە دوو بۆریی سەرەکی پێکدێت و توانای گواستنەوەی لە نێوان 500 هەزار بۆ 1.1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەیە. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئەمنییەکان و ناکۆکییە سیاسی و داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پەککەوتبوو، بەڵام مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز دووبارە ئەم هێڵەیان گەڕاندووەتەوە ناو بازنەی بایەخی جیۆپۆلەتیکی، وەک هێڵێکی وشکانی کە توانای هەیە لێکەوتەکانی قەیرانی ڕێڕاوە دەریاییەکان کەم بکاتەوە.
له ئهنجامی شیکارییەکانی قەندیل پرێس و بەدواداچوونە مەیدانییەکانی ئهوهمان بۆ ڕوون دهبێتهوه کە پشتبەستنی ڕەهای عێراق بە بەندەرەکانی باشوور، هەمیشە خاڵێکی لاوازی گەورە بووە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەدا. هاوكات هەر گرژییەک لە کەنداو یان لەسەر سنوورە ئاوییەکان، ڕاستەوخۆ تهواوی کەرتی دارایی عێراق ئیفلیج دەکات. شارەزایانی ئابووری لەم بارەیەوە لەو بڕوایەدان کە گەڕانەوە بۆ هێڵی باکوور تەنیا پێویستییەکی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، چونکە بازاڕی نەوتی عێراق لە ژێر چەپۆکی یارییە سیاسییەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز ڕزگار دەکات و هاوسەنگییەکی نوێ بە داهاتی گشتی دەبەخشێت.
🔹 عێراق بە ڕێژەی 85% بۆ 90% پشت بە بەندەرەکانی باشوور و گەرووی هورمز دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، ئەمەش ئابووریی وڵاتەکەی بە توندی بە بارودۆخی کەنداوەوە بەستووەتەوە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ، لە ماوەی ئاداری 2026دا بەهۆی پەککەوتنی بارکردن لە باشوور، هەناردەی نەوتی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 80% دابەزی و لە 100 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 18.6 ملیۆن بەرمیل کەمبووەوە، ئەمەش داهاتی نەوتی لە پتر لە 6 ملیار دۆلارەوە بۆ تەنیا 1.95 ملیار دۆلار کەمکردەوە. ئەم شۆکە داراییە توندە وای لە بەغدا کرد بە پەلە هێڵی کەرکووک-جەیهان وەک دەرچەیەکی ڕزگاربوون سەیر بکات، چونکە هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن مسۆگەر دەکات، فشار لەسەر بەندەرەکانی باشوور کەم دەکاتەوە و داهاتی نیشتمانی لە کاتی قەیرانە دەریاییەکاندا دەپارێزێت.
🔹 بۆ تورکیا، ئەم هێڵە تەنیا پڕۆژەیەکی گواستنەوە نییە، بەڵکو کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی دیدگای وڵاتەکە وەک ناوەندێکی هەرێمیی وزە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە. لەسەر ئاستی ئابووری، داهاتی خزمەتگوزاریی لۆجیستی و ڕسووماتی تێپەڕبوون مسۆگەر دەکات، لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیشەوە تورکیا دەتوانێت وەک کارتێکی فشاری سیاسی لە هاوکێشەکانی وزەی جیهانیدا بەکاریبهێنێت، هاوشێوەی ئەو هێزەی گەرووی هورمز بە ئێران دەبەخشێت. لە لایەکی ترەوە، دروستبوونی جۆرێک لە پشتبەستنی ئابووری دوولایەنە لەنێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی سیاسی و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی لەسەر سنوورەکان.
🔹 ئابووریناسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کاراکردنەوەی تەواوەتی هێڵەکە لەبەردەم سێ بەربەستی سەرەکیدایە. یەکەم بەربەست بریتییە لە جیاوازییە درێژخایەنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و دابەشکردنی داهات. بەربەستی دووەم نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون و پەسەندکراوە لە نێوان هەر سێ لایەندا. دواین بەربەستیش مەترسییە ئەمنییە بەردەوامەکانە لەو ناوچانەی کە بەدەست نەسەقامگیرییەوە دەناڵێنن.
🔹 لە کۆتاییدا دەکرێت بگوترێت هێڵی کەرکووک-جەیهان گەورەترین جێگرەوەی وشکانییە بۆ نەوتی عێراق، بەڵام گۆڕینی بۆ ڕێڕوێکی جێگیر، بەستراوەتەوە بە توانای بەغدا، هەولێر و ئەنقەرە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییە سیاسییەکان لەم ژینگە هەرێمییە ئاڵۆزەدا.
قەندیل پرێس