سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەیامێکدا بۆ دەم پارتی رایگەیاند، دەبێت رێز لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرن، چونکە لەسەر بەڵێنەکانی خۆی بووە. دەشڵێت: “تاوەکو ئەو کاتەی ئۆجەلان بە مافی هیوا و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە.”
ئەمڕۆ سێشەممە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێشکێش کرد.
باخچەلی داوای لە دەم پارتی کرد رێز لە ئۆجەلان بگرن و گوتی: “سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە، لە دوای 27ـی شوباتی 2025ـەوە، لەسەر هەموو ئەو بەڵێنانە وەستا کە دابووی و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و چەکدانانی مسۆگەر کرد؛ مادام مەبەستەکە هاتە دی، کەواتە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەش ئەوەیە داوای رێزگرتن لە ئۆجەلان لە دەم پارتی و هەموو پاشکۆکانی بکەین.”
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، بانگەوازەکەی شوباتی ساڵی رابردووی ئۆجەلان لە سووریاش وەڵامی ئەرێنی وەرگرتووە و گوتی: “لە سووریا هاوسەنگی و پارادایمێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە؛ رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بۆ سەروەریی سووریا و سەقامگیریی بەردەوام گرنگە.”
بەگوێرەی قسەکانی باخچەلی، هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە دەبنە سێ فیرقە و لەژێر لیوایەکدا کۆدەکرێنەوە، هێزەکانی کۆبانێش بە فیرقەیەکەوە بە حەلەبەوە دەبەسترێنەوە. گوتیشی: “وا تێدەگەین کە یەکخستنی سەربازی و ئەمنی لەنێو فیرقەکاندا وەکو تاک دەکرێت.”
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی باسی لە “مافی هیوا” بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و گەڕانەوەی ئەحمەد تورک بۆ سەر کارەکەی کرد و گوتی: “تاوەکو ئەو کاتەی ئانادۆڵ بە ئارامی، ئۆجەلان بە هیوا، ئەحمەدەکان بە پۆست و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە.”
قەندیل پرێس