به‌په‌له

ئەمریکا و سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان دژی شانە نووستووەکانی داعش دەستپێکرد

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە هێزەکانی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان دژی شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعش دەستپێکردووە، ئەوەش رۆژێک دوای هێرشێکی خوێناوی کە کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.

رۆژی شەممە، لە هێرشێکدا کە حکومەتی سووریا بە “هێرشێکی تیرۆریستی” ناوی برد، دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی سڤیل کوژران. واشنتن رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن چەکدارێکی داعشەوە کراوە و دواتر چەکدارەکەش کوژراوە. بەڵام حکومەتی سووریا رایگەیاند، هێرشکارەکە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەوان بووە و هەڵگری بیری “تووندڕۆیی” بووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، “هەڵمەتێکی ئەمنی” لە بیابانی سووریادا دەستی پێکراوە بۆ گەڕان بەدوای “شانە نووستووەکانی داعش”، ئەمەش “بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا”.

ئەو بەرپرسە گوتی، تاوەکو ئێستا سێ کەس بە گومانی تێوەگلان لە هێرشەکەی رۆژی شەممە دەستگیرکراون کە لە ناوچەی تەدمور لە پارێزگای حومس روویدا.

رۆژی یەکشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و “هاوخەمیی” وڵاتەکەی بۆ “خێزانی قوربانییەکان” دەربڕی.

پێشتر دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاندبوو، هێرشکارەکە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بووە و بڕیاربووە رۆژی یەکشەممە بەهۆی “بیروباوەڕە تووندڕۆکانی”ـەوە لە کارەکەی دووربخرێتەوە، وەک چۆن نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوت.

رۆژی یەکشەممە، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە هێرشکارەکە سەر بە داعش بووە نەک حکومەتی سووریا و گوتی، شەرع و دیمەشق “شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد.”

بەرپرسێکی ئەمنیی سووریا رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، “11 ئەندامی ئاسایشی گشتی دوای هێرشەکە بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیرکران”.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ گوتی، “چەکدارەکە بۆ زیاتر لە 10 مانگ لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تەدمور، لە چەندین شاری دیکەدا کاری کردووە”.

تەدمور، کە شوێنەوارە مێژووییەکانی لە لیستی یونسکۆدان، لە لووتکەی دەسەڵاتی داعش لە سووریادا لەژێر کۆنترۆڵی ئەو رێکخراوەدا بوو.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *