رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەی لە هۆڵەندا کە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ سەردانی ئە وڵاتەی کردبوو، چەند زانیارییەکی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکەی ناوچەیی و جیهانیی خستەڕوو.
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، پێشهاتەکانی ناوچەکە دەریخست چەندێک پێویستیان بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرە، ئەوەش وایکرد هەمووان پشتیوانیی لە پرۆسەکە بکەن. هەفتەی داهاتووش لەگەڵ شاندی پارتی دەم کۆدەبێتەوە. لەو پرۆسەیەدا هیچ گومان و دوودڵییەکیان نییە. ئامانج و بۆچوونی ئەوان بەو ئاڕاستەیەیە، ئەو پرسە چارەسەر بکەن و بڕوای تەواویشیان بەو کارە هەیە.
ئەردۆغان، بۆچوونى وایە لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتوویان، ئەنجامی باش بەدەستدەهێنن. لەبارەی ئەو لیژنە پەرلەمانییەشی داواکراوە گوتی، “هاوڕێیەکیان ئەرکدار دەکەن و پشت بە خودا بە سەرکەوتنەوە بەردەوامدەبن لەو کارە.”
ئەردۆغان باسی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیای لەبارەی پرۆسەکە کرد و رایگەیاند، “لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و یاشار گولەر، وەزیری بەرگری، بەشێویەکی گونجاو، لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن.”
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەکەوە زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەکرد، “وەک هاوپەیمانی کۆمار، هەوڵ دەدەین پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر لە کاریگەریی رووداوەکانی دەرەوەی تورکیا بەدوور بگرن. بە رژدبوون، ئارامی و تێڕوانینێکی ئەرێنییەوە لەسەر رێگەکەیان بەردەوامدەبن.”
ئەردۆغان باسی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی کرد، کە لە کۆنگرەی 12ـی پارتەکەدا بڕیاری لەسەر درا و گوتی، “دامەزراوە ئەمنییەکانیان لە نزیکەوە کار لەسەر پرسی چەکدادانەکە دەکەن.”
لەبارەی ئەرکی پەرلەمان لە پرۆسەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، “لە پەرلەمان لێکتێگەیشتنێکی گەورە دروستبووە و پشتیوانیی لە پرۆسەکە لە ئاستێکی بەرزدایە. وەک پرسێکی نیشتمانی تەماشای ئەم پرۆسەیە دەکەن. ئەم پرسە کە بابەتێکی نیشتمانییە، پێویستە لەسەر بنەمای هەستیارییە نیشتمانییەکان، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.”
ئەردۆغان رۆڵی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پارتی دەم و شاندی ئیمراڵی لەبارەی پرۆسەکە بەرز نرخاند و دووپاتیکردەوە، لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، کە ئاسۆی پرسەکەی کردەوە و هەڵوێستەکانی پارتی دەم و شاندی ئیمراڵی کە بەرپرسیارانە بوون، زۆر بە بەهادار دەبینین. ئەوەی گرنگە، پێویستە زۆر وریابن سەبارەت بەو هەوڵانەی دژی پرۆسەکە دەدرێن.
سەرۆککۆماری تورکیا جیاواز لە رابردوو، بەبێ ئەوەی هەسەدە بە “رێکخراوی تیرۆریستی” ناو ببات یان وەک هاوشێوە و درێژکراوەی پەکەکە ناوی ببات، ناوی هێزەکانی سووریای دیموکراتی هێنا و گوتی، “هەمیشە و لە هەموو ئاستەکانیان، بە روونیی هەستیارییەکانیان سەبارەت بە هەسەدە بە لایەنی ئەمریکی گوتووە. بابەتی سووریای نوێ بۆ ئەوان گرنگە، چونکە هەر رووداوێک لە سووریا روودەدات، کاریگەریی لەسەر ئەوانیش دەبێت. ئەوەشی بە لای ئەوانەوە گرنگە، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە.”
ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە، دەسەڵاتی نوێی سووریا بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لەژێر چەتری سوپای سووریادا هەنگاوی ناوە و رێگەی راستیش سەبارەت بە هەسەدە ئەوەیە ئەو هەلە هەڵبسەنگێنن و بەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێن.
قەندیل پرێس