هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) ڕایگەیاند کە حکومەت سەبارەت بە ئاشتی لە هەڵوێستێکی ترسنۆکانە و سەرقاڵیدایە و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر حکومەت لە پرۆسەی ئاشتیدا هەنگاو نەنێت هەڵوێستی کاریگەر پێش دەکەوێت.
تولای حاتەم ئۆغولاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی گشتی پارتەکەی لە پەرلەمان هەڵوێستی نوێی پارتەکەی ڕاگەیاند.
تولای حاتەم ئۆغولاری ڕایگەیاند، ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین، لەم پڕۆسەیەدا کە باسی ئاشتی دەکەین، ئەمجۆرە ئۆپەراسیۆنانە جێگەی قبووڵکردن نین و لەگەڵ ڕۆحی پڕۆسەکەدا ناگونجێن و داوایکرد دەستبەجێ دەستبەسەرکراوان ئازاد بکرێن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا کە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕێگایەکی نوێی بۆ تورکیا کردوەتەوە و پرۆسەکانی ململانێ و چارەسەری کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە.
هەروەها تولای بەبیری هێنایەوە لەم پڕۆسەیەدا پە,کە,کە پێش هەموو شتێک کۆتایی بە کار و چالاکییەکانی و شەڕی چەکداری هێنا، بۆیە پێویستە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی، هەموو کارێک لەسەر بنەمای هەنگاوی یاسایی بەرەو پێش بچێت، بەڵام لە دۆخێکی وادا حکومەت بە ترسنۆکییەوە مامەڵە دەکات ئەم هەڵوێستە پڕۆسەکە دوادەخات.
هەر لە قسەکانیدا هاوسەرۆکی دەمپارتی وتی: ئەگەر هەنگاو نەنرێت دەستی ئەوانەی دژایەتی پرۆسەکە دەکەن بەهێزتر دەبێت، بۆیە بە دەسەڵات دەڵێین؛ ئەوانەی ئاشتییان ناوێت دڵخۆشن بەوەی هەنگاو نانرێت لە پرۆسەکە. پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارە، ئاشتی لە نێو ئەم پێشهاتانەدا پێویستییەکی گەورەیە، پێویستە دەسەڵات واز لە گریمانە و پشتڕاستکردنەوە بهێنێت و بۆ دەرکردنی یاسا هەنگاو بنێت.
هاوکات ئەوەی خستەڕوو، پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی شکۆمەندانە لەم وڵاتەدا هەنگاو بنرێت و دەڵێت: چی دەبێت با ببێت ئاشتی بنیات دەنین، بۆ ئێمە ئاشتیی بابەتی بازاڕگانکردن نییە، بابەتی شەرەفە، پەکەکە بە بانگەوازی بەڕێز عەبدوڵا ئۆ,جا,لان دەستبەرداری خەباتی چەکداری بوو و دەیەوێت سیاسەتی دیموکراتیک دەستپێ بکات، ئایا ئێوە چی دەکەن؟ بە ساڵانە دەڵێن با چەک دابنێن و بەشداری کاری سیاسەت بن، ئێستا چاوەڕێی چی دەکەن؟
هاوسەرۆکی دەمپارتى جەختیکردەوە، دانانی یاسا دەبێتە بناغەی کۆماری دێموکراتیک و ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە، نابێت ئەم دەرفەتە بەفیڕۆ بدرێت،دەشڵێت: ئێمە باوەڕمان بە ئاشتییەکی شکۆمەندانە هەیە، بۆیە بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانەکانمان.
هەر لە قسەکانیدا تولای جەختیکردەوە، ئەوان وەک دەم پارتی بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی سەرکەوتوو هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن و ئەم ئەرک و ڕەنجە لە ئەستۆ دەگرن.
قەندیل پرێس