قەندیل پرێس – کەرکوک
بەپێی نۆسراوێک کە بەدەست قەندیل پرێس کەوتووە، پارێزگارە تازەکەی کەرکوک کە لە پشکی تورکمانە دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەمی کە پارێزگاری پێشوی کوردە دەخاتە سەر نۆسینگەی تایبەتی خۆی کە بەمەش دەسەڵاتی کورد لەو پارێزگایە سنوردار دەکرێت.
محەمەد سەمعان، پارێزگاری نوێی کەرکوک کە تورکمانە دوو بەشی دیوانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک خستەسەر نوسینگەکەی خۆی، کە پێشتر سەر بە نوسینگەی جێگری یەکەمی پارێزگار بون و کە لەئێستادا رێبوار تەها لەسەر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو پۆستەدایە.
بەپێی نوسراوێکی فەرمی دیوانی پارێزگای کەرکوک کە واژۆی محەمەد سەمعان پارێزگاری نوێ و رێککەوتی 23ـى 4ـى 2026ی لەسەرە، بڕیادراوە هەردوو بەشی (موڵکداری و کاروباری هاوڵاتییان) و (رێپێدانی ئەمنی) لەنوسینگەی جێگری پارێزگارەوە بگوازرێتەوە سەر نوسینگەی پارێزگار.
رۆژی 16ـى 4ـى 2026 بەپێی رێکەوتنێکی پێشوی نێوان یەکێتی، بەرەی تورکمان و عەرەبی سوننە بەرەی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی لەبارەی بەرێوەبردنی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک، رێبوار تەها کە لەسەر پشکی یەکێتی پارێزگاری کەرکوک بوو، دوای ساڵێک و هەشت مانگ مانەوە لەو پۆستە، دەستی لەکارکێشایەوەو لەشوێنی ئەو محەمەد سەمعان، لە پشکی پێکهاتەی تورکمان بوە پارێزگار.

قەندیل پرێس