قەندیل پرێس – هەولێر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هێرشە درۆنییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ سەرەڕای بێلایەنی هەرێمی کوردستان لە جەنگەکەدا لە 50 رۆژدا 809 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا 20 شەهید و 123 بریندار هەبووە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم:
لە 50 رۆژدا 809 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێری پایتەخت بوونە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، چەندین جار بە درۆن و مووشەک، بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما هێرشی سەر هەرێمی کوردستان کراوە و لە هێرشەکاندا شوێنی مەدەنی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج.
هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵیان پێگەیشتووە، سەرەڕای بێلایەنی هەرێمی کوردستان لە جەنگەکەدا؛ 20 شەهید و 123 بریندار هەبووە، بە سەدان هاووڵاتیش زیانی ماددی بەر ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.
قەندیل پرێس