قەندیل پرێس
ئەمڕۆ شەممە 25ـی نیسانی 2026، وەفدێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوە، وتووێژی دووقۆڵیان لەگەڵ پاکستان ئەنجامدا، دوای ئەوەی ئێوارەی هەینی گەیشتنە ئیسلام ئابادی پایتەخت.
ئەمە لە کاتێکدایە تاران ڕەتیدەکاتەوە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی ئەنجام بدات، دوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەری زاوای، رۆژی شەممە بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون.
ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە بڵاویکردەوە، عێراقچی داواکاری و تێبینییەکانی ئێرانی سەبارەت بە پێشنیارەکانی ئەمریکا ڕادەستی لایەنی پاکستانی کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ خولی داهاتووی وتووێژەکان.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەختی کردەوە وەزیری دەرەوە لە میانی کۆبوونەوەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە پاکستان کاردەکات بۆ ئاسانکاری وتووێژەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو ویتکۆف و کۆشنەر وتووێژی “ڕاستەوخۆ” لەگەڵ نوێنەرانی لایەنی ئێرانی ئەنجام دەدەن، بەڵام میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لە بەرنامەدا نییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردووەتەوە:
ئەم خولەی ئێستا، بە پێچەوانەی خولی پێشوو، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو شاندی ئێرانی و ئەمریکی بەخۆوە نابینێت، و چاوەڕوان دەکرێت پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت لە گواستنەوەی پێشنیارەکان لە نێوان هەردوولادا.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، ئیسلام ئابادی جێهێشتووە.
قەندیل پرێس