قەندیل پرێس – فەرەنسا
دوو وەفدی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و دەم پارتی بە مەبەستی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا گەیشتنە فەرەنسا، قەندیل پرێس زانیاری نوێ لەسەر کارنامەی کۆبوونەوەکان بڵاو دەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ ئەمرۆ 23ـی شۆباتی2026 ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆهەڵات عەفرین فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گەیشتنە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بڕیارە چەندین کۆبوونەوەی سیاسی- دیپلۆماسی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەوروپا ئەنجام بدەن. هەروەها بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 25 تا 27ـی شوبات، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی کورد و پێشهاتەکانی ناوچەکە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسل بەڕێوەبچێت.
هاوکات وەفدێکی باڵای دەم پارتی لەئاستی هاوسەرۆکی پارتەکە بەشداری کۆبوونەوەی تایبەتی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەکات، بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا، هەریەک لە ئیلهام ئەحمەد و میتحەت سنجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، وتار پێشکەش بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی قەندیل پرێس، کۆبوونەوەکە لەژێر ناونیشانی “کورد و تورکیا” بەڕێوەدەچێت و تێیدا پێشهاتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا، و بەتایبەتی قۆناغی ئێستا تاوتوێ دەکرێت، هاوکات یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی هێرشەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و پێشخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاری کشانەوەی سوپای تورکیا لەنێو خاکی سوریادا بدەن.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە دوێنێ 22ـی شۆباتی 2026 قەندیل پرێس ئاشکەرای کرد سەرباری رێکەوتنی نێوان رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی کاتی سووریا و سەرەدانی وەفدێکی فەرماندەیی ئاسایشی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی سیامەند عەفرین لەگەڵ فەرماندەی ئاسایشی گشتی حەلەب و حەسەکە بۆ شاری عەفرین، کە ئامانجی سەردانەکە بۆ ڕێکخستنی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەی عەفرینە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ شارەکە، بەڵام دۆخی عەفرین هێشتا هەر وەك خۆیەتی، واتە لەژێر داگیركاری دەوڵەتی تورك و گروپە چەکدارەکانی سەر بە خۆیانن، تەنها هێزە ئەمنییەكانی گشتیی سەر بە حكومەتی نوێی دیمەشق لە هەندێ شوێنی دیاریکراو چوونەتە ناو عەفرین.
سەرچاوەکەی قەندیل پرێس ئاماژەی بەوەش کرد؛ بێ جگە لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بڕیارە وەفدەکەی رۆژئاوا بە یاوەری دکتۆر عەبدولکەریم عومەر نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا زنجیرە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، کارنامەی سەرەدانەکانیش بریتی یە لە؛ لۆبیکردن بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و داعش، و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا، و پاڵپشتی سیاسی و دارایی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بە تایبەتی ئاوارەکانی عەفرین.
قەندیل پرێس