به‌په‌له

قەدەری شارەوانییەکانی باکووری کوردستان لە نێوان هەڵبژاردن و قەییومدا

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی مێردین و ئێلیهـ و شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای روها-ی باکووری کوردستان دانرا. پارێزگاری ئەم شارانە، سەرباری ئەرکەکانیان، بە سەرۆکشارەوانیی قەیومکراو دامەزران. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هەر زوو هێزە ئەمنییەکانی ناردە باڵەخانەی شارەوانییەکان و گەمارۆیدان. ئەم سێ شارەوانییەی قەییومیان لەسەر دانراوە، سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتین.

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین دانرا. ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ لە شوێنی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیە و لە شوێنی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی خالفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شارۆچکەکەی روها بە قەییوم دانرا.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەمەش نەوەستا، دوای سەپاندنی قەییوم، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان و سه‌كۆدانانی بۆ ماوەی 10 رۆژ قەدەخە کرد.

گرژی روویدا 75 هاونیشتمانیی دەستگیرکران

بەرپرسانی دەم پارتی، داوایان لە ئەندامان و هەوادارانیان کرد لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکان گردبنەوە و خۆپیشاندان بکەن. هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیهـ و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە یەکەم کەس بوون لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی کۆبوونەوە و داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد شوێنەکە چۆڵبکەن. هێزە ئەمنییەکان ئەو داواکارییەیان رەتکردەوە و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا رووی دا.

سۆنگول سۆنوک گوتی: “ئەو بڕیارە نایاساییە قبوڵ ناکەن و رێگە نادەن ئیرادەی خەڵک پێشێل بکرێت.” سۆنوک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداردا بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیمان بردەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بگوترێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیرادە پێشێل کرا. ئێمە هەرگیز ئەم رژێمە تاڵانکار و زەوتکارەمان قبووڵ نەکردووە و ئێستاش قبووڵی ناکەین”.

ئەحمەد تورک لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، “هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین.”

ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دەڵێت: “ساڵی 2011 گوتارێکم لە سێرت پێشکێشکرد کە ئەو گوتارە وەک هۆکار نیشان دەدەن. کەیسی ئەو گوتارە پێشتر داخرا، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بڕیاری داخرانی هەڵدەوەشێننەوە و داوای دادگەیی دەکەن. جگە لەوە دۆسیەی کۆبانێ هەیە کە پرۆسەکە بەردەوامە. بەڵام کاتێک بەربژێر بووم، دۆسیەی کۆبانێ هەر هەبوو، خۆ شتێکی تازە نییە”.

ئەحمەد تورک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “شارەوانیی ئێمە داگیرکراوە. ئێمە لە دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە. کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە. درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. گوتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیرکراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات” .

دوای دانانی قەیوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـی باکووری کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووها دانرا. هێزە ئەمنییەکان زوو رێوشوێنی ئەمنیی تووندیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی خەلفەتی گرتەبەر و دوای دانانی قەیوم، محەممەد قەرەیڵان دەستبەسەرکرا. محەممەد قەرەیڵان رایگەیاند، ئەم جۆرە دامەزراندنانە دەستوەردانێکە بە پێچەوانەی ویستی خەڵک.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، “بەهۆی نانەوەی گرژی و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی” تاوەکو ئێستا 75 کەس دەستگیرکراون.

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

بەربژێرێکی کورد و یەکێکی عەرەب لە کۆبانێ دەبنە پەرلەمانتار

فەرهاد شاهین، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و شێواخ عەساس، بەربژێری عەرەب، لە کۆبانێ بوونە پەرلەمانتار …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *