به‌په‌له

لاریجانی پەیامی خامنەیی دەگەیێنێتە پووتین

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە و پەیامێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندە پووتین.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، رۆژی پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران بە سەردانێکی یەک رۆژە سەردانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کردووە و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەتەوە.

هەرچەندە نێوەڕۆکی پەیامەکەی خامنەیی بۆ پووتین ئاشکرا نەکراوە بەڵام ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت، لەبارەی پرسە دووقۆڵییەکان و هاوکارییە ئابووری، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان کردووە.

رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست و رووسیا لە تاجیکستان رایگەیاند، لە بەرپرسانی ئیسرائیلەوە پەیامیان پێگەیشتووە، کە نیازێکی وایان نییە لەگەڵ ئێران تووشی پێکدادان ببنەوە.

پووتین گوتی: “پەیوەندییەکانی ئێمە لەسەر بنەمای متمانە لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە، پەیامیشمان لە سەرکردەکانی ئیسرائیلەوە پێگەیشتووە کە داوامان لێدەکەن بە دۆستە ئێرانییەکانمان بگەیێنین بەوەی ئیسرائیلیش پابەندە بە گەیشتن بە رێککەوتنی زیاتر و ئارەزووی هیچ جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکی نییە.”

دوو رۆژ دواتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی پشتراستی کردەوە، لە رێگەی رووسیاوە پەیامێکی ئیسرائیلیان پێگەیشتووە.

عێراقچی گوتی: “ئەو هەواڵەی رووسەکان پشتراست دەکەمەوە کە نەتەنیاهوو بە پووتینی گوتووە، هیچ نیازێکمان بۆ رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەگەڵ ئێران نییە.”

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، “ئەم پەیامە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسەنگاندنی مەیدانی و ئامادەیی هێزەکانمان ناکات و لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان و ئەم ئامادەییەش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزویلا و ترەمپ بێ هیوا کرا

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی راگەیێندراو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەڵاتەکەی پێنەدرا. لە بەرامبەردا، بەخشرایە ماریا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *