ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سووریا لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن هاوتا ڕووسییەکەی ڕایگەیاند، ئامادەین ڕێز لە هەموو ڕێککەوتنەکانی ڕابردووی مۆسکۆ و سووریا بگرین و بەردەوامییان پێ بدەین.
ئەمڕۆ چوارشەمە ئەحمەد شەرع یەكەم گەشتی بۆ ڕووسیا ئەنجام دا و بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مۆسکۆ دەیەوێت پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ دیمەشق هەبێت و ئامادەیە ڕاوێژی بەردەوام لەگەڵ سووریا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ئەنجام بدات و شەرع ڕایگەیاندووە ڕێز لە ڕێككەوتنەكانی ڕابردووی وڵاتەكەی دەگرێت و ئامادەیە بەردەوامییان پێبدات.
لای خۆیەوە كۆشكی سەرۆكایەتی ڕووسیا (کرێملین) ڕایگەیاند، چارەنووسی دوو بنکەی سەرەکی ڕووسیا لە سووریا، كە بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە پارێزگای لازقیە و دامەزراوە دەریایییەکەی لە تارتوس، لە میانی کۆبونەوەی نێوان سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتەدا تاوتوێ کراوە.
ڕووسیا دوو بنكەی سەربازیی لە سووریا هەیە، لە سەردەمی سۆڤییەتەوە بەندەری تارتوس میوانداری “بنکەی تەکنیکی-لۆجیستیکی هێزی دەریایی ڕووسیا”ـی کردووە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە گواستنەوەی سەرباز و چەکەکانی ڕووسیا بۆ ئەفریقا.
هەروەها ڕووسیا بنکەی ئاسمانیی حمەیمیمی لە جەرگەی شاری جەبلە لە پارێزگای لازقییە هەیە، بەگوێرەی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان مۆسکۆ و حکومەتی بەشار ئەسەد واژۆ کراوە، ڕووسیا بڕیاربوو بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ بنکەی حمەیمیم و تارتوس بەکاربهێنێت.
سەرچاوەیەکی سووری بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، بەرپرسانی سووریا بەدوای گەرەنتییەکدا دەگەڕێن کە ڕووسیا هاوکارنابێت لە پڕچەککردنەوەی پاشماوەی هێزەکانی ئەسەد.
هەر بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز “شەرع لە میانەی سەردانەكەی بە نیازە بە شێوەیەكی فەرمی داوای ڕادەستكردنەوە بەشار ئەسەد بكات، كە ئێستا پەنابەرە لە ڕووسیا بە تۆمەتی تاوانی دژ بە گەلی سووریا”.
قەندیل پرێس