به‌په‌له

نەتەنیاهوو: حەماس چەک دانەنێت، دۆزەخی بەسەردا دەکەینەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی دا و رایگەیاند، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس بە چەکداماڵین رازی نەبێت، ئەوا دۆزەخیان بەسەردا دەکەینەوە.

رۆژی سێشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم هەڤپەیڤینی دا لەدوای رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە، رایگەیاند، بەگوێرەی پلانە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لەلایەن ئیسرائیل و حەماسەوە پەسند کراوە، تێیدا هاتووە کە دەبێت حەماس چەک دابنێت و کەرتی غەززە لە چەک دابماڵرێت، هیچ کارگەیەکی چەک لەنێو کەرتی غەززە نەمێنێت و قاچاخچێتیی چەکیش لەسەر سنوورەکان نەکرێت.

نەتەنیاهوو گوتیشی، “ئێمە رێککەوتین لەبارەی ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە تەواو بکەین و دواتر دەرفەتێک بدەین بۆ جێبەجێکردنی  قۆناخی دووەم.”

ئەم هەڕەشەیەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەدوای هەڕەشەکەی ترەمپ دێت، کاتێک شەوی سێشەممە، رایگەیاند، ئەگەر حەماس، چەک دانەنێت، ئەوا “ئێمە چەکیان پێدادەنێین و رەنگە بە تووندوتیژیش بیکەین.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی خواستی ئەو چییە بۆ راگەیاندنی کۆتایی جەنگ، نەتەنیاهوو گوتی، “پێموایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکو بۆ جیهانی ئازاد و جیهانی شارستانی، دەبێت توانای بەرگریکردن لە خۆمان پتەوتر بکەین، چونکە ئازادی هەمیشەیی و ئۆتۆماتیکی نییە. ئەگەر نەتوانیت بەرگری لە کۆمەڵگە ئازادەکان بکەیت، ئەوا رژێمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارییەکان بەسەرتا زاڵ دەبن.”

هەروەها نەتەنیاهوو، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، “شێوازی کڕینی ئاشتی لە هێزەوەیە. پێموایە ئێمە دەرفەتێکمان هەیە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ زۆر لایەنی دیکە. وابزانم ئەمە گەورەترین دیاری دەبێت، بتوانین پێشکێشی گەلی ئیسرائیل و خەڵکی ناوچەکە و جیهانی بکەین.”

لەمیانی گوتارەکەی لە کنێست، ترەمپ دەربارەی کەسایەتیی نەتەنیاهوو رایگەیاندبوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل “کەسێکی ئاسان نییە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.” دەربارەی ئەو بۆچوونەی ترەمپیش، نەتەنیاهوو دەڵێت، “هیوادارم ترەمپ ئەوە بڵێت، چونکە من زۆر تووندم لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە داهاتووی وڵاتەکەمەوە هەیە. کاتێک پێموایە ئەوەی داوام لێکراوە، کارێکی باشە، دەڵێم باشە و کاتێکیش پێموایە، دەبێت بڵێم نەخێر، دەیڵێم. ئەوە ئەرکی منە، ئەرکەکەشم بریتییە لە پاراستنی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی داهاتووی گەلی جوو.”

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندین بڕیاری لەسەر ئەو بنەمایە داوە، لەوانەش هێرشەکانی سەر ئێران. لەوبارەیەوە نەتەنیاهوو دەڵێت، “هەڵوێستێکی مێژووییمان دژی ئێران ئەنجامدا، کە هەڕەشەی لەنێوبردنمان دەکات و بۆمبی ئەتۆمیمان ئاراستە دەکات.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئاژانسێكی ئەمریكی پيلانێكی نهێنی ئەردۆغان و ئەحمەد شەرع بەرامبەر كورد ئاشكرادەكات

ئاژانسێكی بلومبێرگی ئەمریكی ئاشكرایكرد، ئەردۆغان چەكى قورس دەداتە ئەحمەد شەرع، لەبەرامبەردا داوای لێكردوە، شەرع سنورێك …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *