قەندیل پرێس
عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دوای نێزیکەی مانگێک لە بێدەنگی، بەبۆنەی ١ـی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، پەیامێکی نوێ بڵاوکردەوە کە لە میانی “کەرنەڤاڵی ئاشتی” لە ئیستانبوڵ خوێندرایەوە و لەلایەن ئامادەبووانیشەوە بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێ کرا.
ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا راگەیاند: “بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی ستراتیژیی و قۆناغێکی مێژووییە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەم بانگەوازە، هەم لە تورکیا و هەم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەختی لەوەش کردووە، ئەمە تەنها داخوازییەک نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی بەرجەستەیە و پێویستە بە هەلی بەهێز و هەنگاوی پراکتیکی بەدی بهێنرێت. چونکە ئاشتییەکی ڕاستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادان، بەدی نایەت و دەڵێت: “ئاشتی ڕاستەقینە تەنها بێدەنگبوونی چەکەکان و کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان بەدی نایەت، بەڵکوو ئاشتیی ڕاستەقینە بە هێنانەدی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە تەواوی بوارەکانی ژیان بەدی دێت و ئەمە ئەرکی سەرەکی قۆناغی نوێی ئەم وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییە دەبێت”.
ئۆجەلان سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە بە خەباتی گەلان بە دڵنیاییەوە بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی و ئاشتی ڕەگ دادەکوتن و دەڵێت: “لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگ دەداتەوە و ئیدی ئەم وڵاتە دەبێتە نیشتمانی ئەوانەی ئاشتی و دیموکراسی هەم وەک ماف و هەم وەک ئەرک دەبینن”.
ئۆجەلان داواش لە گەلانی تورکیا دەکات بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە داکۆکی لەو ئەرکە مێژووییە بکەن و بەگوڕتر و بەرفراوانتر بەشداری لە ڕێپێوانەکانی ئاشتی و ئازایدا بکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە پێویستە هەموو کەسێک بەخۆیدا بچێتەوە و لە جیدیەتی ئەم قۆناغە تێ بگات و بە ڕۆحیەتێک کە خزمەتی ئاشتی دەکات هەڵسوکەوت بکات و سڵاو لە هەموو لایەکیش دەکات و خۆشەویستی بێپایانی خۆیان بۆ دەردەبڕێت.
قەندیل پرێس